ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دیوەخانە خۆشەکەی تێکدا - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر
"هەڵمەتەکانمان بەردەوام دەبێت"
دیوەخانە خۆشەکەی هەولێر تێکدرا
964+
شۆڕش قادری
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بەردەوامە لە تێکدان و لابردنی باخچە و زێدەڕۆییەکان و ئەمڕۆش چەند شوێنێکی رووخاند کە یەکێک لەوانە لەسەری نوسرابوو، دیوەخانە خۆشەکە.
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت،”ئەمڕۆ هەینی 17.1.2025 تیمەکانمان لە لێژنەی چاودێری و بەدواداچوون بەهەماهەنگی لەگەڵ ستافی بەشی شەش، هەڵسان بەپێدانی پسولەی ئاگادارکردنەوە بە ژمارەیەک ماڵ بەهۆی ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بە دروستکردنی باخچە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لەناو سەوزایی”.
“دەبێ ئەو کەسانەی زێدەڕۆییان کردووە و سەوزاییەکانیان کردووە بە باخچە، شوێنەکان وەک خۆی لێبکەنەوە و بیانکەنەوە بە سەوزایی”، رێبین ئەحمەد وای وت.
ئاشکراشیکرد، ئەو هەڵمەتە لە دەرەوەی شەقامی شەست مەتری هەولێر و لە سنوری جادەی موسڵ تا جادەی مەخمور ئەنجام دراوە و لەهەمان هەڵمەتدا ژمارەیک سەرپێچی لادراون و بەردەوامیش دەبن لەو جۆرە هەڵمەتانە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، هاوکاریان بن و هیچ جۆرە سەرپێچییەک نەکەن لەناو سنووری سەوزایی.