داواى دەکرێت خۆپیشاندەران بیکەنەوە
داخستنی رێگاکانی راپەڕین بۆ دوکان کۆتایی نایەت؛ پێنج رۆژە رێگاى بنگرد داخراوە
964+
محەمەد عەلی – راپەڕین
داخستی رێگاکانی دەڤەری راپەڕین بۆ دوکان کۆتایی نایەت و پێنج رۆژە دانیشتووانی ناحیەی بنگرد رێگایەکی نێوان راپەڕین – دوکانیان داخستووە، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکرێت و با رێگاکە بکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 17.1.2025 نەوزاد رەسوڵ یەکێک لە خۆپیشاندەرانی بنگرد بە 964ـی وت، “ماوەی پێنج رۆژە رێگای سەرەکی راپەڕین بۆ دوکانمان داخستووە، چەند داواکارییەکمان هەیە، یەکەمیان نەبوونی کارەبای نیشتیمانی بوو کە چارەسەر کراوە، داواکاری دووەمیش نۆژەنکردنەوەی رێگای سەرەکی راپەڕین بۆ دوکانە و جگە لەوانەش نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستی تەندروستییە، بۆیە تا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن رێگاکە ناکەینەوە”.
لەوبارەیەشەوە محەمەد عبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد وتی، “کێشەی کارەبای نیشتمانی هاوڵاتیانی بنگرد چارەسەر کراوە و ئیشتاش رەزامەندی دراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاکەیان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە کارکردن تیایدا دەکرێت”.
محەمەد عبدولڕەحمان لەڕێی 964ـەوە داوای لە دانیشتووانی بنگرد کرد، رێگاکە بکەنەوە لەبەر ئەوەی داواکارییە سەرەکییەکانیان جێبەجێ کراوە.
ناحیەی بنگرد سەر بە قەزای دوکانە و نزیکەی 60 گوندی بەسەرەوە هەیە کە زیاتر لە 40 گوندی ئاوەدانە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دانیشتووانی خەلەکان ماوەی 10 رۆژ بوو رێگای نێوان ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیان لە دۆڵی خەلەکان داخستبوو، دوێنێ پێنجشەممە 16.1.2025 دوای ئەوەی بەڵێنیان پێدرا پڕۆژەی دووساید کردنی رێگاکەیان بۆ تەواو بکرێت، خۆڵی سەر رێگاکەیان لابرد و رێگەکەیان کردەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری