لە دەڤەری راپەڕین

پێوەری زیرەک رێژەی سووتانی محاویلەی کارەبای %50 کەم کردووەتەوە

964+

ژێوار خدر

پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ دەڤەری راپەڕین بووەتە رەحمەت و رێژەی سووتانی محاویلەی کارەبا %50 کەمی کردووە و بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕینیش دەڵێت، لە رووی ئابووریەوە سودێکی زۆری بە سێکتەری کارەبا گەیاندووە.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین بە 964ـی وت، لە ساڵی 2021ەوە پێوەری زیرەک لە دەڤەری راپەڕین بەستراوە، پێش ئەو کاتە یەکێک لە سەرەکیترین گرفتەکانمان سووتانی محاویلەی کارەبا بوو، بەڵام لەدوای بەستنی پێوەرەکەوە ئەم گرفتە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، بەڕادەیەک %50ی کێشەی سووتانی محاویلە کەمی کردووە.

هەر ئەوەش نییە، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین دەڵێت لەپاڵ محاویلەی کارەبادا، سووتانی سێرکەت برێکەر (قاطع) یش بەڕیژەی %70 کەم بووەتەوە و بەهەمان شێوە ئۆڤەر لۆدی سەرهێڵەکانی کارەباش %70 کەمی کردووە.

بەپێی ئامارێک کە عەلی محەمەد بە لەبارەی رێژەی سووتانی محاویلەکان خستیەڕوو، لە دەڤەری راپەڕین بەگشتی سێ هەزار محاویلەی کارەبا هەن، پێش بەستنی پێوەرە زیرەکەکە، ساڵانە 140 بۆ 150 محاویلە سووتاون، لە ساڵی 2022 رێژەکە کەم بووەتەوە بووە بە 110 محاویلە و ساڵی 2023 بووە بە 100 و لە ساڵی 2024یشدا رێژەکە بەشێویەکی بەرچاو دابەزیوە و بووە بە 59 محاویلە.

کەمبوونەوەی سووتانی محاویلەکان، توانیویەتی 11 بۆ 12 ملیۆن دینار تێچووی کارەبا کەم بکاتەوە لە دەڤەرەکە و لەڕووی ئابوورییەوە سوودێکی زۆری بە دەڤەرەکە گەیاندووە و خەرجی هاوڵاتییانیشی کەمکردووەتەوە.

داهاتی کارەبای راپەڕین زیاتر لە 14 ملیار دینار بووە

داهاتی کارەبای راپەڕین زیاتر لە 14 ملیار دینار بووە