کونسوڵخانەی هۆڵەنداش هاوکارە
زانکۆی ھەڵەبجە دەیەوێ بە پڕۆژەیەک خوێندکارانی بکات بە خاوەنکار
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
زانکۆی هەڵەبجە پڕۆژەیەک بۆ راوێژ و راهێنان بە خوێندکاران رادەگەیەنێت و دەیەوێ لەو رێگەیەوە هەلی کار بۆ خوێندکارەکانی بدۆزێتەوە و بیانکات بە خاوەن کار و خاون پڕۆژەی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15.1.2025 زانکۆی ھەڵەبجە و کۆمپانیای (WEDO) بە سپۆنسەری کونسوڵخانەی ھۆڵەندی، پڕۆژەیەکیان بە ناونیشانی (پێکەوە بۆ بنیادنانی شارەکەم) راگەیاند، بۆ پێدانی راوێژ و راھێنان بە خوێندکارانی زانکۆکە، تا لەو رێگەیەوە ئەو بیرۆکە و پڕۆژانەی خوێندکاران ھەیانە، سوودیان لێ وەربگیرێت و لەڕێی پرۆگرامەکەوە بکرێنە پڕۆژەیەکی بازرگانی و خوێندکاران بکرێنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان.
بەھادین محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، “پرۆگرامەکە ماوەی 10 مانگ دەخایەنێت و خوێندکارانی سەرجەم قۆناغ و بەشەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەشداریکردن، لەو ماوەیەدا بەشداربووەکان، کۆمەڵێک راھێنان و راوێژی چڕوپڕ وەردەگرن، لە کۆتایی پرۆگرامەکەشدا، ھەوڵدەدرێت ئەو پڕۆژانەی زۆر سەرکەوتوون، سپۆنسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و بکرێنە پڕۆژەی بازرگانی”.
روونیشیکردەوە، پرۆگرامەکە تەنھا بۆ خوێندکارانی زانکۆکەیە، بەتایبەتیش بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە قۆناغەکانی کۆتاییدان، رێژەی بەشداریکردن تا ئێستا دیارینەکراوە و بیرۆکەی پرۆژەش لە ھەموو بوارەکان وەردەگیرێت.
بەقسەی بەھادین محەمەد، لەبەر ئەوەی خوێندکارانی زانکۆی ھەڵەبجە دەرفەتی کاریان کەمە، بۆیە ئەم پرۆگرامە زۆر گرنگە بۆ زانکۆکە و بۆ شاری ھەڵەبجەش، بەتایبەتیش کە دواتر دەرفەتی کار بۆ بەشداربووەکان دەڕەخسێنرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری