وەزارەتی دارایی:

هەژماری من و کۆمپانیای ڤیزای جیهانی رێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی هەژماری من رێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ پەرەپێدانی شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی، پڕۆژەی “هەژمای من” رێككەوتنێك لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی واژۆ دەكات.

دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی هەژماری من ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات.

ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هاوکاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی کە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، ئەمەش بەوپێیەی کە بەمزووانە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.

هەر لە چوار چێوەی ئەم ڕێککەوتنەشدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندین سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ سوودمەندانی پڕۆژەکە ڕێکدەخات سەبارەت بە سوودەکانی گشتگیری ئابووری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزاریەکانی بانکی. ئەمەش لەگەڵ دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی ئابووری مۆدێرن و پێشکەوتوو.

ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ڤیزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەم ڕێكکەوت ڕایگەیاند “هۆشیاری و گشتگیری ئابووری بناغەی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابوورین.

لەڕێگای هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەردەستکردنی ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە داراییەکانیان بە شێوازێکی کارا، ئەوا دەتوانین بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی خۆڕاگر و بەهێز لەڕووی ئابووریەوە دابنێین.

ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێیدراوە لەو قۆناغە ڕاگوزەرییە لە هەرێمی کوردستان لەڕێگای بەگەڕخستنی ئەزموونی کۆمپانیاکەمان لەسەرانسەری جیهان بۆ درووستکردنی ئابووریەکی دیجیتاڵی پارێزراو”.

ئەم هاوبەشییە پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لەڕێگای کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابووریەکی دیجیتاڵی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.

پڕۆژەی هەژماری من، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران.

ئەمڕۆ موچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت و لیستەكە لە هەژماری م...

ئەمڕۆ موچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت و لیستەكە لە هەژماری من گۆڕاوە