هەڵەبجە.. ئەمپێری کارەبا کرایە پێوەری وەرگرتنی نەوتە بەلاشەکە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
سێ تانکەر نەوتە بەلاشەکەی بەغدا گەیشتە هەڵەبجە، ئیدارەی پارێزگایەکەش یەکێک لە پێوەرەکانی دەستنیشانکردنی خێزانە هەژارەکانی وابەستە کردووە بە ژمارەی ئەو ئەمپێرە کارەبایەی مۆلیدە کە خەڵک هاوبەشی کردووە.
تۆڕی964 لە بەدواداچونێکدا بۆی دەرکەوتووە نزیکەی 300 ماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەیان راکێشاوە، سەرپەرشتیاری مۆلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێت: دوو ئەمپێریان دەدەینێ و پارەی دانەیەکیان لێ وەردەگرین.
لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە سێ تەنکەر نەوتە بەلاشەکەی بەغدا گەیشتە شارەکە و بەسەر 550 خێزانی کەمدەرامەت و هەژار و نابینا و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەشکرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964 یەکێک لە مەرجەکانی دەستنیشانکردنی هەژاری و کەمدەرامەتی، راکێشانی کارەبای مۆلیدەی گەڕەک بووە، ئەوانەی یەک ئەمپێریان راکێشاوە بە هەژار و کەمدەرامەت هەژمار کراون.
تۆڕی964 لە سەرچاوەیەکی پارێزگای هەڵەبجەوە دەزانێت، نزیکەی 300 ماڵ و لە رێژەیە ئەوانە بوون کە تەنیا یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەیان راکێشاوە و لەبەر هەژاری هەر ئەوەندە توانایان هەیە.
پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 60 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە، هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاکە 43 مۆلیدەی ئەهلی بوونیان هەیە.
پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئەو ماڵانەی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەیان راکێشاوە لە لایەن مۆلیدەکانەوە بۆیان کراوە بە دوو ئەمپێر، بەڵام پارەی ئەمپێرێکیان لێ وەردەگیرێت.