بۆ گەشت هاتبوون دیوار بەسەریاندا رووخا

شوێنی رووداوەکە – میدیازان

میدیازان – دیلان محەممەد – دیسکی سلێمانی

ئەمڕۆ بایەکی تووند لە سلێمانی دیواری باڵەخانەیەکی رووخاند بەسەر دوو هاوڵاتی بە رەگەز عەرەبدا و لە ئەنجامدا یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەشیان بریندار بوو.

باڵەخانە رووخاوەکە لە نزیک هۆتێل ئاشتییە، رێکان جەمال سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، قوربانییەکان هاتبوون بۆ سلێمانی بۆ گەشت.

ئەو گەشتیارە عەرەبەی گیانی لەدەستداوە ناوی حەسەن هادی-ە و خەڵکی بەغدایە، لەدایکبووی ساڵی 1972ە و بریندارەکەش بە مەبەستی چارەسەر براوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.

سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی زیاتر وتی، “پێشتر خاوەنی ئەم باڵەخانەیەمان ئاگادار کردوەتەوە باڵەخانەکەی رووپۆش بکات لەبەر پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان لە کاتی کارکردندا، بەڵام نەیکردووە.”

دەشڵێت، “خاوەنی باڵەخانەکە دەدەین بە دادگا لەسەر ئەم بابەتە.”