نووسینگەکەی راگەیەندراوی هەیە
سودانی دەچێتە تاران؛ پرسی حەشدی شەعبی و داواكارییەكەی بلینكن چی بەسەر دێت؟
964+
ئەحمەد مستەفا
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەردانێكی فەرمی دەچێتە تارانی پایتەختی ئێران، نووسینگەکەی دەڵێ، پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان تاوتوێ دەكرێ.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 5.1.2024، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، چوارشەممەی ئەم هەفتەیە محەمەد شیاع سودانی، بە سەردانێكی فەرمی دەچێتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ دەكرێن.
جێگای ئاماژەیە، مانگی رابردوو ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سودانی كۆبووەوە، بلینكن لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە عێراق كرد هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە ئێرانەوە نزیكن هەڵبوەشێننەوە، ئەگەرنا بەر هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەون.
هەر ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودانی، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دڵنیایی دەدەین لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر عێراق، ئەوەشی وتووە، حکومەت توانی عێراق لە بڵاوکردنەوەی ئەو ئاگرە بپارێزێت کە لە ناوچەکە کەوتەوە.