ئەمەش بیرۆکەی هەورامییەکانە
700 کەس لە هەورامان؛ شوقەیەک لە تارانی پایتەختی ئێران دەکڕن
964+
ئەحمەد مستەفا
کورد وتەنی، “بەڕاستی ئیقتسادییانە بیریان کردووەتەوە” وەرن بخوێننەوە، لە گوندی بڵبەری هەورامان، مەبەست دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانە، 700 کەس پێکەوە کۆبوونەتەوە و یەک شوقەیان لە ئەپارتمانێکی ناو تارانی پایتەختی ئێران کڕیوە.
بیرۆکەکە ئەوەیە؛ ئەوە خەرجیەی لە پێدان و مانەوە بە دیار نەخۆشەوە، یان کاروباری فەرمانگەیەکی حکومەت بۆیان دروست دەبێ، کەس لە گوندەکە نەچێت پارەیەکی زەبەلاح بدات بە هۆتێل و مۆتێل لەناو تاران، بەڵکو لەو شوقەیەدا بێ بەرامبەر بمێنێتەوە.
شوقەکەشیان هەر بۆ ئەو مەبەستە پێکەوە کڕیوە، روون نییە لە داهاتوو، شوقەکە بەردەکەوێ یا نا، میوان وەردەگرن یان خاوەن ماڵەکانیش دەیکەن بە نۆرە، چونکە سەرجەمی ئەوانی پارەیان خستووەتە کارەکەوە 700 کەسن.
کەسایەتی ئەکادیمی هەورامان، موئمین زەڵمی ئەمڕۆ شەممە 4.1.2025 بە 964ی وت، نزیکەی 10 دەفتەر دۆلار بە شوقەکە دراوە و بە کڕین کڕدراوە، ناویان ناوە (یانە باوان) واتە ماڵی دایک و باوک، بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی بڵبەر رێی کەوتە تاران پێویستی بە ئوتێل نەبێت و بتوانێت لەو شوقەدا بمێنێتەوە.
هەر یەکێک لەو 700 کەسە، 10 ملیۆنێک تمەنی پێشکەش بە کارەکەیان کردووە، یانی نزیکەی حەوت ملیار تمەن کۆکراوەتەوە، زەڵمی وتی، دیارە بۆ خانووەکە و کەلوپەلەکانی ناوی کە تێیدا بوون، وە ئەساسی ماڵ، بە بەهای دۆلاری ئەوکاتەی مامەڵەکایان پێ کڕیووە، نزیکەی دە دەفتەر کۆکراوەتەوە.
بڵبەر جگە لەم رووە هەرەوەزیییە، بە نیشتمانی هەنار ناسراوە، هەر لە دەروازەی شارەکە کە داخڵ دەبیت بە پەیکەرێکی هەنار پێشوازی لە رێبوارانیان دەکەن، خەڵکی بڵبەر سەرجەمیان بە شێوەزاری ھەورامی قسە دەکەن، لە دواین سەرژمێریی کە ساڵی 2011 کراوە، 199 بنەماڵە لە گوندەکەدا هەبوون.
دیمەنەکان: گوندی بڵبەر و ئەو ئەپارتمانەیە کە شوقەکەی لێ کڕدراوە