لە پشکنینی دەروازەکان دەردەچن بەڵام لە هاتوچۆ نا

964+

 دیلان محەمەد – سلێمانی

دەیان ئۆتۆمبێل سەرەڕای نەبوونی مەرجەکانی هاتوچۆ، بە دەروازەکاندا تێپەڕیون و گەیشتوونەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا چارەنوسی ئەو ئۆتۆمبێلانە نادیارە و ژمارەیان پێنادرێت.

ماوەی حەوت مانگە هاوردەکردنی ھەر ئۆتۆمبێلێک کە ژێر ئاوکەوتوو بێت، یان شانسیەکەی تەقیوی و لەحیمی پێوەبێت یاخود سوتاو بێت، قەدەغەکراوە و ژمارەیان پێنادرێت.

مقەدەم سەفین قادر، سەرۆکی لیژنەی ئۆتۆمبێلی لێدراو لە ھاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەھۆی ئەوەی لەسەر سنورەکان بە وردی کاری پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان ناکرێت و تیمی ھاتوچۆ لەو شوێنانە نییە، تا ئێستا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هاوردە دەکرێن.

“لەلای ئێمە تەنھا مەنەفێستەکەی کۆپی دەکرێت و دەتوانێت بسوڕێتەوە بەسەر شەقامەکاندا تا بڕیارێکیان بۆ دەردەچێت،” مقەدەم سەفین قادر وای وت.

گەرمیان عەلی خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلە لە سلێمانی، تەنھا لە پێشانگاکەیدا نزیکەی 20 ئۆتۆمبێل ھەیە کە بەهۆی نەبوونی مەرجەکان ژمارەیان پێنادرێت.

گەرمیان عەلی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە دەروازەکانەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە دێنە ناوەوە و لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، کاتێک دەچنە ھاتوچۆ لە پشکنین دەرناچن و دەڵێن ژمارەی پێنادرێت “کە ژمارەیان پێنادرێت بۆ رێگە دەدرێت بێنە ناوەوە.”

بە وتەی گەرمیان عەلی، بەھۆی پێنەدانی ژمارەوە نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە زۆر دادەبەزێت، نزیکەی دوو ھەزار دۆلار لە نرخەکەی دێتەخوارەوە.

کارزان فەتاح خاوەنی ئۆتۆمبێل بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتی کڕیوە لە جۆری تۆیۆتا کامری، بەڵام کاتێک چووەتە ھاتوچۆی سلێمانی دوای پشکنین پێیان وتوە ژمارە ناکرێت، بەھۆی ئەوەی لەحیم بە شانسی ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەیە.

وتیشی “ئێستا چی لەو ئۆتۆمبێلە بکەم، نە فرۆشیار لێم وەردەگرێتەوە، نە لە ھاتوچۆش ژمارەشم پێدەدەن، ویستومە بیفرۆشمەوە دوو ھەزار و 300 دۆلار کەمتریان پێداوام لەو نرخەی کە کڕیومە”.