دەوروبەرەکەی بە گوڵوگوڵزار دەڕازێندرێتەوە
لۆگۆی I Love Chwarqurna جیاوازە
964+
ژێوار خدر
چوارقوڕنەش بوو بە خاوەنی لۆگۆی I Love Chwarqurna و پڕۆژەی زیاتریش هەیە بۆ رازاندنەوەی ناحیەکە.
حسێن زرار، سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، لۆگۆکە بەشێوازێکی جیاواز و سەردەمیانە دروستکراوە و دەتوانرێت بە هەموو رەنگێک نیشان بدرێت.
وتیشی، لەلایەن چەند خێرخوازێکی ناحیەکەوە تێچووی پڕۆژەکە دابینکراوە و بڕەکەی لەنێوان شەش بۆ شەش هەزار و 500 دۆلار بووە.
باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکە لەناو تەختاییەکی سەوزاییدا بەدرێژی 15مەتر و بەرزی 3 مەتر جێگیر کراوە لەناو باخچەی سێگۆشەی دەروازەی شار، بۆ ئەوەی رووبەرێکی فراوان لەبەردەمیدا هەبێت لەکاتی سەردانکردنی و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەبەردەم لۆگۆکە کورسی دانیشتن و سەوزایی و گوڵی سروشتیشی بۆ زیاد بکرێت بۆ جوانترکردنی پێگەی پڕۆژەکە.
لەبارەی تاوەری کاتژمێرەکەی دەروازەی ناحیەکەوە سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی سەری ساڵ و قەیرانی داراییەوە کار کردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لەدوای کۆتایی هاتنی پشووەکان کارەکانی دەستپێدەکاتەوە و تا ئێستا %50ـی کارەکانی تەواو بووە و بۆ ئەمساڵ تەواوی کارەکانی تەواو دەکرێت.
“جگە لەم دوو پڕۆژەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبن، پلانمان هەیە نەمامی زیاتر بڕوێنین و ریژەی سەوزایی و گوڵیش بۆ بلواری نێوان شەقامەکان زیاد بکەین لەپێناو جوانترکردنی سیمای ناحیەکە.” حەسەن زرار وای وت.