دواى بڕیارەکە
مامەڵەکارانى ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا زەرەرمەندی گەورەن
964+
ژێوار خدر
دوای بڕیاری قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، کڕین و فرۆشتنیان لاواز بووە و مامەڵەکارانیش دەڵێن، “زەرەرمەندى سەرەکى ئەو بڕیارە ئێمەین”.
سابیر بڵباس، خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلە لە ناحیەی چوارقوڕنە قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”لەدواى بڕیارى قەدەغەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، کڕین و فرۆشتن بەو ئۆتۆمبێلانەوە بە تەواوی وەستاوە، بەجۆرێک پێشتر لە یەک مانگدا، 70 بۆ 80 ئۆتۆمبێلمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا لە مانگێکدا تەنیا هەشت ئۆتۆمبێلمان فرۆشتووە”.
وتیشی،”نرخی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە 80 گەڵاوە کەمیکردووە بۆ 50 گەڵا، ئەگەر ئەوەندەش بکات”.
هەرچەندە تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا جێبەجێنەکراوە، بەڵام وەک ئەوەى سابیر بڵباس باسى دەکات، ئەوان وەک مامەڵەکارانى ئۆتۆمبێل چەند جارێک لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
“لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان وتوین لەوانەى بتوانین هاوکاریتان بکەین بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بگەڕێننەوە بۆ خواروى عێراق، بەڵام ئەوە هیچ سودێکى ئێمەى تێدا نییە و تەنیا زەرەرە چونکە ناتوانین ئۆتۆمبێلەکان ساغ بکەینەوە”، مامەڵەکارەکەى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا واى وت.