"ئامانجی هێزە ئەمنییەکان بووە"
ئەو داع*شەی بۆمبی لە گۆڕستان دەشاردەوە دەستگیرکرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
چەکدارێکی داع٭ش لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقەوە دەستگیرکرا، کە بۆمبی چێنراوی لەنێو یەکێک لەگۆڕستانەکانی دوزخورماتوو شاردبووەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تی*رۆریستی.
چەکدارەکە، خرابوویە ژێر چاودێری پێش ئەوەی بگات بە ئامانجەکەی، هێز چوو دەستگیریان کرد و خەونەکەی پوچەڵ بوویەوە.
عەمید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوو بە 964ـی، “ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن دەزگایی ئاسایشی نشتیمانی عێراقەوە چاودێری چڕ خراوەتە سەر ئەو چەکدارە و دواجار، شەوی رابردوو لە گەڕەکی عەسکەری قەزاکە، چەکدارەکەیان دەستگیر کرد و دوای لێکۆلینەوەی چڕ لەگەڵیدا دانی بەتاوانەکەیدا داناوە”.
وتیشی، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تی*رۆریستەکە دانی بەوەدا ناوە، کە سەر بەناو ویلایەتی کەرکوکی چەکدارانی داع٭ش بووە و ئەرکی گواستنەوەی ھاوکاری لۆجستی و گواستنەوەی تەقەمەنی بووە و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ھاوکاری رێکخراوە تی*رۆرستییەکەی کردووە.
“ئەو چەکدارە ئەرکی ھێرشکردنەسەر ھێزە ئەمنییەکانی پێدراوە و بۆمبێکی چێنراوی لەنێو یەکێک لەگۆڕستانەکانی قەزاکە شاردبووەوە، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکی گونجاودا ھێرش بکاتە سەر ھێزە ئەمنییەکان”، عەمید حوسێن عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستگیرکردنی تی*رۆریستەکە، هێزە ئەمنییەکان بۆمبەکەشیان پوچەڵ کردووەتەوە و تا ئێستاش تی*رۆریستەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری