بە کۆپتەرێکی ئەمریکی چووە
وردەکاری یەکەم کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع
964+
ژووری هەواڵ
دیدارە رانەگەیەندراوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع زۆر وردەکاری تێدابووە، 964 بەشێک لە زانیاری و نهێنییەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی دەست کەوتووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دانیشتنێکی داخراوو رانەگەیەندراودا لەگەڵ ئەحمەد شەرع (جۆلانی) فەرماندەی دەستەی تەحریری شام کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکە ”بەدڵی هەردوولا بووە” بەڵام تائێستا هیچ لایەکیان باسی ئەو کۆبوونەوەیەیان نەکردووە.
کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری و ئاگالێبوونی ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی سەربازی (زومەیەر – ضمير) لە خۆرهەڵاتی دیمەشق بەڕێوەچووە، ئەحمەد شەرع چووەتە بنکەکەو ئەمریکییەکانیش بە کۆپتەرێک مەزڵوم عەبدییان بردووەتە ئەوێ، بەڵام ”ئەوان دوو قۆڵی دانیشتوون و ئەمریکییەکان بەشدارییان نەکردووە لە کۆبوونەوەکەدا”.
سەرچاوەیەک کە بەهۆی پێگەکەیەوە ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە بووە بە 964ی وت ”کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بووەو هەردوولا بە دڵیان بووە، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ئایندەی سوریا پێکەوە بسازێن”.
هەر ئەوەندەی کۆبوونەوەکە تەواو بووە هەردوولا ”بەگەرموگوڕی” ماڵئاواییان لەیەک کردووەو مەزڵوم عەبدی بە هەمان کۆپتەر گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی هەسەدە تیایدا باڵادەستە.