نزیکەی 113 حاڵەتی شەڕ و ئاڵۆزی و نەخۆشکەوتن تۆمارکراون
ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە سلێمانی بێ رووداو تێنەپەڕین
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
شەوی رابردوو، لەكاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی چەندین رووداوی جۆراوجۆر رویانداوە و بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانیش دەڵێت، نزیکەی 113 حاڵەتی شەڕ و ئاڵۆزی و نەخۆشکەوتن تۆماركراون.
سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ـی وت، “لەدەستپێكی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكانی سەری ساڵی نوێ، تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای سلێمانی ئامادەییان هەبووە، بە 22 تیمی گەڕۆك بە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێكراوە و لە شوێنی روداوەكان چارەسەریان بۆ هاوڵاتیان كردووە”.
“لەناو بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكان 13 حاڵەتی جۆراوجۆر تۆمار كراوە، حاڵەتەكان رووداوی هاتوچۆ، شەڕەچەقۆ و بەركەوتنی تەقەمەنی بوون كە بەر چاوی هاوڵاتیان كەوتبوون، زۆربەی حاڵەتەكانیش لە شەقامی سالم تۆماركراون”، سامان نادر وای وت.
ئاماژەی بەوەش كرد، نزیكەی 100 حاڵەتی دیكەی جۆراوجۆری تەنگەنەفەسی، ئازاری سەرئێشە، دان ئێشە، سكچوون، بەرزبوونی فشاری خوێن و دابەزینی شەكرە تۆماركراون کە تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا بەشێوەی سەرپێیی چارەسەریان بۆ کردوون.
سامان نادر وتیشی، شەوی رابردوو لەكاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكان، هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمار نەكراوە، تەنیا لەدەرەوەی ئاهەنگەكان ئەو حاڵەتەی گەڕەكی چوارچرا هەبووە، كە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەوە لەماڵێك دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و منداڵێكی دیكەشیان بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری