یەکەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی تازەدا
لە سلێمانی ماڵێک ئاگری گرت و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا؛ منداڵێکیش برینداربوو
964+
شۆڕش قادری
لە یەکەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی تازەدا، لە سلێمانی ماڵێک ئاگری گرت و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا، یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 1.1.2025 ماڵێک لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی ئاگری گرتووە و سووتاوە”.
“لە رووداوەکەدا دوو منداڵی کچ کە تەمەنیان 10 ساڵ و شەش ساڵ بوون، سووتاون و گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵیش کە کوڕە، برینداربووە و لە نەخۆشخانەیە”، سامان نادر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری رووداوەکە تا ئێستا دیار نییە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە، لە کاتی رووداوەکەشدا دایک و باوکی منداڵەکان لەماڵ بوون و ئەوان سەلامەتن.