عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکى زیندانیکراوى پەکەکە _ وێنە: میدیا خۆجێییەکان
کەجەکە
“ساڵى نوێ ئۆجەلان ئازاد دەبێت”
وریا فەتاح
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکین کوردستان (کەجەکە)، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت،”پێمانوایە لە ساڵى نوێدا ئۆجەلان ئازاد دەبێت.
لە بەیاننامەکەدا کە تایبەتە بە دیدارى شاندى دەم پارتى و ئۆجەلان، هاتووە،”ئێمە وەک تەڤگەری گەل و ئازادی رایدەگەیەنین، پەیامەکەی رێبەرمان کە لە رۆژانی کۆتایی ساڵی 2024 وەک مانیفێست وایە، لە ساڵی نوێدا دەبێتە بنەمای خەباتی ئێمە، داوا لە گەلەکەمان، هەموو دۆستان، هەموو پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان دەکەین کە پاڵپشتی چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکەن لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بکەن”.
باس لەوەشکراوە، بە بیروباوەڕى ئەوان لە ساڵى نوێدا ئۆجەلان ئازاد دەبێت و کێشەى کورد چارەسەر دەکرێت.
هەروەک ئاماژە بەوەش کراوە، تورکیا و ناوچەکە دیموکراسی دەبن و ئاشتی و سەقامگیری بەسەر ناوچەکەمان و هەموو جیهاندا زاڵ دەبێت.
دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئیمڕاڵى، دیدارى ئۆجەلان و دەم پارتى ئەنجامدرا و دواتر پارتى دەم راگەیەندراوێکی لە بارەی سەردانەکەی بۆ لای سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان تەندروستى باش بووە و وتویەتى ئامادەى چارەسەرێکى هەمەلایەنەش بووە بۆ پرسى کورد.