"كارەساتەكەی حەمدانییەتان لەبیرە"
بەرگریی شارستانیی هەرێم رێنمایی سەبارەت بە یارییە ئاگرینەكان بڵاوكردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك رێنمایی سەبارەت بە شەوی سەری ساڵ و بەكارهێنانی یارییە ئاگریینەكان راگەیاند، بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێن، رێنمایی نوێ و تایبەتیان بۆ هاوڵاتیان هەیە سەبارەت بە ئاهەنگگێڕان لە شەوی سەری ساڵ.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان لە رێگەی گشتاندنێكەوە ژمارەیەك رێنمایی راگەیاندووە، كە بۆ خۆپاراستنە لە یارییە ئاگرینەكان و چۆنیەتی ئاهەنگگێڕان لە شەوی سەری ساڵدا.
رێنماییەكان ئەمانەن:
1- نابێت بە هیچ شێوەیەک منداڵان یاریی ئاگرین بەکار بهێنن
2- لەناو ئۆتۆمۆبیل و لەکاتی لێخوڕیندا بەکارهێنانی یاریی ئاگرین مەترسیدارە
3- نابێت لە نزیک باڵەخانە و دار و هەر ماددەیەکی خێرا گڕگڕتوودا یارییە ئاگرینەكان بەکاربهێنرێن، چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە
4- بەهیچ شێوەیەک لە شوێنی داخراو بەکار ناهێنرێت
5- نابێت لە ژێر تەلەکانی کارەبا بەکار بهێنرێت و مەترسیدارە
6- لە نزیک تانکی نەوت و بەنزینخانەکان بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەكان کارەساتی لێ دەکەوێتەوە
7-لە نزیک مۆلیدەکان بەکارهێنانی مەترسیدارە بەهۆی بوونی تانکی گاز و تەلی کارەبا
8- ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە، تکایە دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی، بە پێچەوانەوە هاوشێوەی هۆڵەکەی پارێزگای موسڵ، کارەسات روودەدات.
لە لایەكی دیكە وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر شاخەوان سەعید بە 964ی راگەیاند، ئەوان وەك بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند رێنماییەكی تازەیان دەبێت بۆ هاوڵاتیان، بە تایبەتی بۆ ئاهەنگگێڕانی شەوی سەری ساڵ و چۆنیەتیی دانانی خواردن و خواردنەوە و ئەو یارییە ئاگرینانەی لەسەر مێز و لە بۆنەكان دادەنرێت.
وتیشی، جگە لە رێنماییە گشتییەكان، رێنمایی دانانی خواردن یان كحول و دووربوونی ئاگر لێیان بڵاودەكەینەوە و ئەم ئێوارەیە تەواوی رێنماییەكان بڵاودەكەینەوە.