ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان کرد
لە خانەقین بە هەڕەمەکى پارە کارەبا لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
دژى بە هەڕەمەکى وەرگرتنى کرێى کارەبا و نەگەڕانەوە بۆ پێوەر، ژمارەیەک کەس لە دانیشتوانى خانەقین بەرامبەر فەرمانگەی کارەبا گردبوونەوە.
سەڵاح وەندی یەکێکە لەو کەسانەى بەشدارى گردبوونەوەکەى کرد، لەبارەى کێشەکەیانەوە بە 964ـى وت،” لە خانەقین بەبێ گەڕانەوە بۆ سەعاتى کارەبا، هەر ماڵێک 25 هەزار دینارى لێوەردەگیرێت، جا ئەو ماڵە بچوک بێت یان گەورە، هەژار بێت یان دەوڵەمەند، جیاوازى نییە. کەچى لە شارەکانى دیکەى نزیک لە خانەقین وەک جەلەولا و سەعدییە، مانگانە کرێى کارەبا لە 15 هەزار تێپەڕ ناکات”.
ئەحمەد یوسف کەسێکى دیکەى خانەقینە و هەمان کێشەى هەیە، ئەو بە 96ـى وت، رۆژانە لە بازاڕدا کاردەکەم پارەکەمان بەشى بژێوى ژیانمان ناکات، کەچى لەو سەرەوە دەبێت بیدەین بە مانگانەى کرێى مۆلیدە و کارەباى نیشتمانى، تەنانەت ئەو مانگە کارەباى نیشتمانى زۆر خراپ بووە کەچى هەر دەبێت 25 هەزارەکە بدەین و لە بەرامبەردا کرێى مۆلیدەش زۆر بووە.
964 کێشەکەى بردە قایمقامییەتى خانەقین، جواز فەیزوڵاى قایمقام لەسەر ئەو قسەى بۆ 964 کرد و وێڕاى پشتگیرى خەڵکەکەى وتیشى،”داواکارى ئەو هاوڵاتییانەمان بەرز کردووەتەوە و دوو بارەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەمەوە کە چیتر نابێت ئەو جیاوازییە هەبێت لە نێوان کڕیى کارەباى نیشتمانى لە خانەقین لەگەڵ شارەکانى دیکە”.
لە خانەقین، هاوبەشانى کارەبا کرێیەکى جێگیر دەدەن، ماڵەکان 25 هەزار دینار و شوێنە بازرگانى و مارکێیتەکانیش سەروو 30 هەزار دینار، هاوڵاتیانیش دەڵێن یان با ئەو سەعاتەى بۆیان بەستراوە بکرێتە پێوەر و هەر ماڵێک چەندى کارەبا بەکارهێنابوو ئەوەندە بدات، یان وەک شارەکانى دیکە 15 هەزار دینار بدەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح