"لەدوو بازگەی خورماتوو"
20 تۆن ھەنگوینی خۆماڵی و بڕێکی زۆر کحول دەستیبەسەرداگیرا
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دوو بازگەی باشووری خورماتوو، دوو هەوڵی بەقاجاغبردن پوچەڵکرانەوە و دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر خواردنەوەی کحولی و هەنگوین.
لەسەر بەقاچاغبردنی ئەو مادە خۆراکیانە چەند کەسێک دەستگیر کراون و رەوانەی بنکەکانی پۆلیسی دوزخورماتوو کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
قەندیل خەلیل، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “لە ھەڵمەتی یەکەمدا پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس ئەکترۆزی ترێلە کرا و دەرکەوت 20 تۆن ھەنگوینی ماوە بەسەرچووی پێبووە و ویستویەتی بەشێوەی قاچاغ لە ھەرێمەوە بۆ بەغدای بگوازێتەوە”.
“لەھەڵمەتی دووەمیشدا ھێزەکانمان لە یەکێک لەبازگەکان گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری دۆج کردووە و دوای پشکنین دەرکەوت مادەیەکی زۆری کحولی شاردووەتەوە و بەمەبەستی بەقاچاغ بردنی”، قەندیل خەلیل وای وت.
تەنھا لەم مانگەدا حەوت ھەوڵی بەقاچاغبردن ھەبووە لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا و بەپێچەوانەوە و سەرجەمیان لەلایەن پۆلیسەوە پوچەڵکراونەتەوە.