پردەکەى گەلى عەلى بەگ

لە رێگایی بازرگانی و گەشتیارییەوە بووە بە رێگاى کەر و بار

964+

ئاکام غەفور-سۆران

داڕووخانى بەشێکى پردى گەلی عەلی بەگ هەر بەردەوامە و تیمەکان بەجەگ دەیانەوێت بەرزى بکەنەوە، چونکە ئەو رێگایە شادەمارى بازگانى و گەشتیارییە، بەڵام جگە لە گوێدرێژ جوڵەیەکى دیکەى بەسەرەوە نییە.

رۆژى هەینى، ئۆتۆمبێلێک جۆری “ئیسکانیا” بارهەڵگر خۆی کێشاوە بە پردی گەلی عەلی بەگ شوێنی بەیەک گەیشتنی رووباری باڵەکیان و رواندز بەهۆیەوە رێگاکە داخرا و هاتوچۆى ئۆتۆمبێل لە پردەکەوە پەکى کەوت.

داڕووخان لە پردەکە، ئیشوکارى ئاژەڵدارانیشی قورس کردوە، بەهۆی نەبوونی رێگای ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان لە سۆرانەوە بۆ چیاکان، گوێ درێژ بەکاردێنن.

زکری ئەحمەد، کە ئاژەڵدارێکى ناوچەکەیە بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ماڵمان لە سۆرانە، ئاژەڵدارین لە گەلی عەلی بەگ، رۆژانە بە ئۆتۆمبێل خواردن و ئاومان بۆ شوانەکان دەهێنا، بەڵام لە گەڵ داخرانی رێگاکە، لێمان قەوما”.

وەک ئەوەى ئەو ئاژەڵدارە باسى دەکات، ئێستا لە بری ئۆتۆمبێل، گوێ درێژ بەکاردێنن بۆ هاتوچۆ کردن بە رێگای گەلی عەلی بەگ دا، ئەوەش ئەرکی قورس کردوون، چونکە پێشتر بە ئۆتۆمبێل تاکو نزیکی ئاژەڵەکانیان رۆیشتوون، ئەوەش کات و ماندوو بوونی کەمتری پێویست بووە.

باس لەوەش دەکات، ئەوان تاکو کرانەوەی رێگاکە هەر گوێ درێژ بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆی خۆیان، چونکە رێگای بێخاڵ کە رێگای بەدیلە بۆ ئەوان زیاتر لە کاتژمێرێک رێگاکە دور دەکاتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دوو ئەگەر هەیە بۆ چاککردنەوەى پردەکەى گەلى عەلى بەگ

دوو ئەگەر هەیە بۆ چاککردنەوەى پردەکەى گەلى عەلى بەگ