مەرگی 177 کەس پشتڕاست کراوەتەوە

لە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور تەنیا دوو کەس رزگاریان بووە

964+

شۆڕش قادری

لە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور تەنیا دوو کەس رزگاریان بووە و تا ئێستا مەرگی 177 کەس پشتڕاست کراوەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29.12.2024 فڕۆکەیەکی جۆری بۆئینگ 737ـی هێڵی ئاسمانی جێجوـی کۆریای باشوور بە 181 سەرنشینەوە و لەکاتی گەڕانەوەی لە بانکۆکی تایلەند و ساتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆئان لە باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور تێکشکا.

بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشوور، تا ئێستا تەنیا دوو کەس لە رووداوەکە رزگاریان بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە یەکێکیان گەشتیار و ئەوەی دیکەشیان لە ستافی فڕۆکەکەیە، مەرگی 177 کەسیش پشتڕاست کراوەتەوە و گەڕان بەدوای چەند کەسی دیکەش بەردەوامە.

175 کەس لە سەرنشینانی فڕۆکەکە گەشتیار و شەش کەسیشیان کارمەند و ستافی فڕۆکەکە بوون، تا ئێستا هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە بە وردی نەزانراوە و بەپێی ئەو وێنە و گرتەڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، لەکاتی نیشتنەوەدا لە رێڕەوی خۆی لادەدات و خۆی بە راگرێکدا دەکێشێت و ئاگر دەگرێت.

فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانیی جێجوی کۆریای باشوورە کە لەساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و ئەوەش یەکەم رووداوی کارەساتبارە لە مێژووی ئەو هێڵە ئاسمانییەدا.

فڕۆکەیەک بە 181 سەرنشینەوە لە کۆریای باشوور تێکشکا

فڕۆکەیەک بە 181 سەرنشینەوە لە کۆریای باشوور تێکشکا