"گران دەکەوت لەسەر هاوڵاتی"
تاکسی میتەر لە سلێمانی قبوڵ نەکرا و رەتکرایەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هەرچەندە بڕیاربوو ساڵی داهاتوو تاکسی میتەر لە سلێمانی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوای تێستکردنی لەلایەن حکومەتەوە قبوڵ نەکرا و رەتکرایەوە، چونکە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نەبوو و کرێی زۆری لەسەر هەژمار دەکردن.
ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ـی وت، “بڕیاربوو لە ساڵی داهاتوودا پڕۆژەی تاکسی میتەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێشتر دوو کۆمپانیا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دیاری کرابوون، بەڵام ئێستا بوون بە سێ کۆمپانیا و هێشتا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنەکە رێکنەکەوتوون”.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا تاکسی میتەر لەسەر چەند تاکسیەکی شاری سلێمانی دانرا بۆ تێست، بەڵام گران دەکەوت لەسەر هاوڵاتی، بۆیە لەلایەن حکومەتەوە قبوڵ نەکرا و بە کۆمپانیاکان وتراوە چاکی بکەن.
بەقسەی ئازاد ئەحمەد، بە کۆمپانیاکان وتراوە، دەبێت ئامێرەکە بەشێوەیەک جێگیر بکرێت لەسەر تاکسییەکان، کە هەم لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و هەمیش شۆفێری تاکسی لێی سودمەند بێت، واتە، “نە سیخ بسووتێ نە کەباب”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری