2024 ساڵى نەهاتى منداڵان بوو
473 ملیۆن منداڵ لەو ناوچانە دەژین کە ئاڵۆزى و شەڕیان تێدایە
964+
وریا فەتاح
بەپێى ئامارەکانى یونیسێف، 2024 ساڵى نەهات بووە بۆ منداڵانى جیهان، بەشێوەیەک 473 ملیۆن منداڵ لەو ناوچانە دەژن کە شەڕو ئاڵۆزى تێدایە.
یونیسێف کە گرنگى بە دۆخى منداڵانى جیهان دەدات، داتا و زانیارییە بەردەستەکانى ئەوە دەردەخەن کە لەمساڵدا دۆخى منداڵان بەهۆى شەڕە چەکدارییەکانەوە لەسەرانسەرى جیهان گەیشتووەتە ئاستێکى مەترسیدارى پێوانەیى.
“زیاتر لە جاران منداڵان بە هۆی ململانێ و توندوتیژییەوە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین یان بە زۆر ئاوارە دەبن، ژمارەیەکی پێوانەیی لە منداڵانی تووشبوو بە ململانێ مافەکانیان پێشێل دەکرێت و دەکوژرێن و بریندار دەبن، یان لە قوتابخانە دوور دەکەونەوە و خۆراک و دەرمانى پێویستیان بەردەست نابێت”، یونیسێف لە راپۆرتەکەیدا وا دەڵێت.
ئەوەشى خستووەتەڕوو کە زیاتر لە 473 ملیۆن منداڵ لە 2024 دا لەو ناوچانە دەژین کە کاریگەرى شەڕو ئاڵۆزییان بەسەرەوەیە، ئەوەشى بە زۆرترین رێژەى ململانێ دیاریکردووە لە دواى جەنگى دووەمى جیهانییەوە، هەر بۆیە دەڵێت: لەمساڵدا ژمارەى منداڵان کە لە ناوچەکانى شەڕ دەژن دوو ئەوەندە زیادى کردووە.
ئاشکراشى کردووە، تا کۆتایى 2023 زیاتر لە 47 ملیۆن منداڵ بەهۆى ململانێکان و شەڕەوە ئاوارە بوون، بەڵام لەمساڵدا یونیسێف پێى وایە ژمارەکە زیاتر بووە، چونکە پەرەسەندنەکان لە هایتى و لوبنان و میانمار و فەلەستین و سودان و سوریا، چڕتر بوونەتەوە.
ئامارەکانى یونیسێف ئەوەیان ئاشکرا کردووە، لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 12 هەزار و 164 کەس کە بە پلەی یەکەم خەڵکی سوریا و ئەفغانستان و مەغریب بوون، داوای پاراستنی نێودەوڵەتییان لە بولگاریا کردووە، کە نزیکەی 4000 کەسیان منداڵ بوون و 64%یان بێ یاوەر بوون .
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەرەتاى شەڕى ئۆکرانیاوە تا 18ـى کانوونى دووەمى 2024، زیاتر لە 201 هەزار کەس لە بولگاریا پارێزگارى کاتیان وەرگرتووە کە نزیکەى 60 هەزار کەسیان منداڵ بوون.
یونیسێف:
هەموو منداڵێک مافی ئاسایش و پاراستن و چاودێری و پشتیوانی هەیە، بەبێ گوێدانە دۆخی کۆچبەری، وڵاتی رەسەن، رەگەز، ڕەگەزنامە، یان ئایین. هەموو منداڵێک لە سەرووی هەموو شتێکەوە، منداڵانی پەنابەر پێویستیان بە چاودێری هەمەلایەنەو دەستڕاگەیشتن هەیە بەتایبەت بۆ بوارەکانى پەروەردە، چاودێری تەندروستی، یارمەتی یاسایی، و پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی، یونیسێف بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی منداڵان
کاترین روسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت: بە هەموو پێوەرەکان ساڵی 2024 یەکێک بووە لە خراپترین ساڵەکان کە تۆمارکراوە بۆ منداڵان،
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا قوربانییەکانی منداڵانی زیاتری پشتڕاستکردەوە بە بەراورد بە هەموو ساڵی 2023.
بەشێکى دیکە لە ئامارەکانى یونیسێف لە بارەى منداڵانەوە لە 2024دا، ئەوە روون دەکاتەوە کە 52 ملیۆن منداڵ بەهۆى شەڕەوە لە خوێندن دابڕاون، لەوانە منداڵانى غەززە و سودان زیاتر لە ساڵێکە لە خوێندن بێبەشن.