ئەولەویەت بۆ پەنابەرەکانە
فڕۆکەکانی عێراق دەچنەوە لوبنان؛ دووشەممەی داهاتوو دیاری کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، رۆژی دووشەممەی داهاتووی وەک وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان راگەیاند.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، رەزاق سەعداوی، ئەمڕۆ شەممە 28.12.2024 دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق و لوبنانی ئاشکراکرد، کە لە دووشەممەی داهاتووەوە دەبێت، ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، بۆ پەنابەرە لوبنانییەکانی عێراق کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن دەڵێ، هێڵی ئاسمانی عێراق سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی تەواوکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆ و بێبەرامبەرەکان بۆ پەنابەرە لوبنانییەکان، ئەوە جگە لە گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان بەغدا و بەیروت کە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەست پێدەکاتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم رێکارە ئاسانکاری هاتوچۆی ئاسمانی نێوان عێراق و لوبنان بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانی هێڵی ئاسمانی عێراق لە بارەی گەشتەکانەوە دەڵێ، داوای لە گەشتیاران دەکەیەن کە سوودمەندبن لە گەڕانەوەی کارکردنی ئەم هێڵە، کە حەوت گەشت لە هەفتەیەکدا ئەنجام دەدەین، ئێستاش لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدان بۆ دوو هێندە کردنی ژمارەی گەشتەکان پەیوەست بە گەڕاندنەوەی پەنابەران.