بەڕێوەبەری رێگاوبانی سۆران:
“کێشەی ئەو پردە لەوە گەورەترە بە ئێمە چارەسەر بکرێت”
964+
ئاکام غەفور-سۆران
پردەکەی گەلی عەلی بەگ، رەنگە بێنە و بەردەی زۆری بوێت و دیار نییە چی بەسەر دێت، رێگەوبانی سۆرانیش دەڵێت،”کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە بە ئێمە چارەسەر بکرێت”.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بۆ 964 وتی، ”تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن، بەڵام زیانی زۆر بە پردەکە گەیشتووە، نازانین چارەنووسی چی بەسەردێت، بە ئەگەری زۆرەوە رەنگە چاک نەکرێتەوە و پێویستی بە گۆڕینە”.
وتیشی،هەر لە بەیانی زووەوە تەواوی یەکە ئیداریەکانی سۆران لەسەر خەتن و وەزارەتی ناوخۆش ئاگادری بابەتەکەیە، لەگەڵ کۆمپانیایەکی چاک کردن و دروستکردنی پرد لەسەر خەتین بۆ چارەسەر کردنی ئەو بابەتە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 27.12.2024، بارهەڵگرێک لە گەلی عەلی بەگ خۆی کێشا بە پردێک بەهۆیەوە رێگاکە بە تەواوی داخرا، کە رێگای سەرەکی نێوان سۆران – هەولێرە
پێداچوونەوە: ژێوار خدر