دوو رۆژە وانەى تێدا نەخوێندراوە

خاوەن بینایەک قفڵى لە قوتابخانەیەکى چۆمانداوە و نایکاتەوە

964+

ئاکام غەفور- سۆران

دوو رۆژە قوتابخانەیەک لە سەنتەری قەزای چۆمان داخراوە، بە قسەی هاوڵاتیان هۆکاری داخستنەکەشی ئەوەیە، کە بینای قوتابخانەکە موڵکی هاوڵاتییەكە و كرێی پێنەدراوە، بۆیە ئەویش دەرگاكەی داخستووە، قایمقامى چۆمانیش دەڵێت، کێشەکە چارەسەر بووە و یەک واژۆى ماوە.

کێشەى ئەو قوتابخانەیەى چۆمان ئەوەیە، لە ناو بیناى هاوڵاتییەکدایە کە بە کرێ داویەتى بە پەروەردەى سنوورەکە، بەڵام بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، خاوەنى موڵکەکە دەڵێت، یان دەبێت بیناکەى لێ بکڕنەوە یان نایدات بەکرێ، هەر بۆیە دوو رۆژە قفڵى لە دەرگاى قوتابخانەکەداوە و وانەى تێدا ناخوێندرێت.

باوکى یەکێک لە قوتابییەکان بە 964ـى وت،”دوو ساڵە ئەو کێشەیە بەردەوامە، خاوەنى بیناکە داوا دەکات لێى بکڕن یان چۆڵى بکەن، پەروەردەش وەڵامى تەواوەتى نەداوەتەوە و ئەویش قفڵى لێداوە و قوتابییەکانمان دوو رۆژە لە ماڵەوەن و وانەیان نەخوێندووە”.

باوکى قوتابییەکان ترسیان هەیە کێشەکە درێژە بکێشێت و مەترسى بۆ خوێندنى قوتابییەکانیان دروست بێت بە تایبەت کە نزیک دەبنەوە لە تاقیکردنەوەکانى وەرزى یەکەم، بەڵام بە وتەى ئەحمەد بارزان، قایمقامى چۆمان کە بۆ 964 قسەى کردووە،”تەواوى رێکارە ئیدارییەکان بۆ کڕینەوەى بیناکە تەواو بوون، تەنیا واژۆیەکى ئەنجومەنى وەزیرانى ماوە بۆ ئەوەى پارەى کڕینى خەرج بکات و لە نزیکترین کاتدا کێشەکە چارەسەر دەبێت”.

قوتابخانەکە لە گەڕەکی کۆسرەتانە لە سەنتەری قەزای چۆمان، زیاتر لە 200 قوتابی بە دوو دەوامی جیاواز لێی دەخوێنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەهۆی نەدانی کرێی خانوو قوتابخانەیەک لە چۆمان داخرا

بەهۆی نەدانی کرێی خانوو قوتابخانەیەک لە چۆمان داخرا