16 هەزار کەسى سپاردەى خاک کردووە

قەبرهەڵکەنەکەى دهۆک ئۆتۆمبێلێکى پێدرا

964+

ئەحمەد مستەفا

حەسەن عەلی، کە لای دهۆکییەکان بە حەسەن حەفارە ناسراوە، بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لە هەڵکەندی گۆڕ بۆ زیاتر لە 16 هەزار کۆچکردووی پارێزگاکە، ئەمڕۆ پارێزگار ئۆتۆمبیلێکی پێشکەش کرد.

خۆی حەفارەی پێیە، بوو بە خاوەن پیک ئابێک لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22.12.2024، پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری شارەکە، لە کاتی کارکردن و لە گۆڕستان سەردانیان کرد، پێگەی فەڕمی پارێزگای دهۆک دەڵێت، وه‌ك رێزگرتن بۆ ره‌نج و خه‌باتی حەسەن حەفارە، پارێزگار عه‌لى ته‌ته‌ر، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هایلۆکسی وەک دیاری پێشکەش کردووە.

لەو سەردانەدا، عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەکردووە، حەسەن حەفارە، بێ جیاوازی خزمەت و دەستی هاوکاری خۆی بە دانیشتووانی دهۆک و دەوروبەری گەیاندووە، ئاگادار بووین کە لەنێوان ناوچەکانی دهۆک هاتوچۆ دەکات، ئێمەش وەک کارئاسانییەک و خزمەتێکی بچووک ئەو ئۆتۆمبێلەمان پێشکەش کرووە.

بە گوێرەی ئەو ئامارە بێت، کە پارێزگای دهۆک ئاشکرای کردووە، حەسەن حەفارە هەتا ئێستا، گۆڕی بۆ 16 هەزار و 248 کۆچکردوو لە گۆڕستانی شاخكێ، وە گۆڕی بۆ 106 کۆچکردوو لە گۆڕستانی نوێی سه‌رته‌نگێ هەڵکەندووە و دواتر سەرجەم کۆچکردووانی بە حەفارەکەی بەخاکسپاردووە.

دیمەنەکان کاتی پێدانی ئۆتۆمبیلەکەیە؛