100 ساڵە (کوشتن)ى لێ روونه‌داوه
ئامێدی بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان په‌نا ناباته به‌ر به‌كارهێنانى چه‌ك و ئامرازەکانی کوشتن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
به‌قسه‌ى ریش سپی و موختار و ته‌مه‌نداره‌كانی ئامێدی بێت، ماوه‌ى یه‌ك سه‌ده‌یه له سه‌نته‌رى قه‌زاكه‌یان هیچ كه‌سێك نه‌كوژراوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه خه‌ڵكه‌كه‌یان هۆشیارن و هه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بێت په‌نا نابه‌نه به‌ر به‌كارهێنانى چه‌ك، به‌ڵكو یان له‌ناو خۆیان یاخود له‌دادگا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه.
ئامێدی، کۆنترین قەزایە لەسنووری پارێزگای دهۆک، كه‌وتووه‌ته سه‌ر چیایه‌ك كه هەزار 400 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزترە و رووبەرەکەشی ته‌نیا 171 هه‌زار و 500 مەتری دووجایە، دەکەوێتە باكوورى رۆژهەڵاتی دهۆک و 70 کیلۆمەتریش لێیه‌وه دوورە ، له ئێستاشدا زیاتر لە 550 خێزان لە سەنتەره‌كه‌ی دەژین .
سلێمان بەگ، پیاوێكی به‌ته‌مه‌نى ئامێدییه و ئەندامی ئەنجومەنی قەزاكه‌شه، به 964ـى وت ماوه‌ی 100 ساڵ ده‌بێت لە سەنتەری قەزایەکەیان، هیچ حاڵەتێكی کوشتن نه‌بووه، چونكه به‌ده‌گمه‌ن کێشەی کۆمەڵایەتی رووده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زوو چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ن.
وتیشی “ئامێدی بە شاری رۆشنبیر و زانا و شاعیر و مامۆستایان ناسراوه بۆیه پێناسه‌ى ئه‌م تۆێژانه له ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى ره‌نگیداوه‌ته‌وه، نەک تەنیا سەنتەر بەڵکو له دەوروبەری قەزاکەش بە دەگمەن کێشە و شەڕ دروست دەبێت”.
شەریف ئامێدی تەمەنی 68 ساڵە و دانیشتووی قەزاکەیە، پێیوایه زیاتر له 100 ساڵیش ده‌بێت حاڵه‌تى كوشتن، رووینه‌داوه.
ده‌ڵێت “لەسەردەمی باوک و باپیرانیشمان لە ساڵی 1910 و کۆنتریش، كه بۆیان باسكردووین کوشتن لە سەنتەری قەزاکەمان نەبووە”.
لایخۆشییەوە، بژار ساڵح موختاری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، دەتوانین بڵێین سه‌ده‌یه‌کە لە سەنتەری قەزا هیچ رووداوێكی کوشتن نەبووە. هەر کێشەیەکیش لەنێوان دوو بنەماڵەکە روویدابێت شه‌ڕى لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه و له دادگا چارەسەر كراوه.
وتیشی “هەر دادوەرێک دەوامى فه‌رمى لە قەزای ئامێدی هه‌بێت، ده‌زانێت كه هیچ رووداوێكی کوشتن نه‌چووه‌ته به‌رده‌میان”.
964 هه‌وڵیدا یه‌كێك له‌و دادوه‌رانه‌ى قه‌زاكه بدوێنێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه، رێگه‌یان پێنه‌دراوه قسه بۆ میدیاكان بكه‌ن، نه‌تواندرا، قسه‌یان لێوه‌ربگیرێت.
چه‌ند جارێكیش په‌یوه‌ندیمان به وارشین سه‌لمان قایمقامى قه‌زاكه كرد بۆ زیاتر پشتڕاستكردنه‌وه و زانیاریدان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن