شەقامی 120 مەتری هەولێر
سەرۆكی شارەوانی وەڵام دەداتەوە
نۆژەنكردنەوەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر چەند كاتی دەوێ و چەندی تێدەچێت؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، نۆژەنكردنەوەی بەشێكی شەقامی 120 مەتریی هەولێر 420 ملیۆن دیناری تێدەچێت و چاوەڕێ دەكەن بە كەمتر لەو ماوەی دیاریكراوە، تەواو بكرێت.
كارزان عەبدولهادی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.12.2024 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە تۆڕی 964ی وت، كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بەشێكی شەقامی 120 مەتری، بە دیاریكراوی لە شەقامی موسڵ بۆ شەقامی شەقڵاوە، دەستیپێكردووە و بۆ ئەم كارەش 420 ملیۆن دینار تەرخان كراوە.
وتیشی، لەسەر بودجەی 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كارەكە ئەنجام دەدرێت و ئەو پانتاییەی نۆژەن دەكرێتەوە بریتییە لە 10 هەزار چوارگۆشە، 75 رۆژیش بۆ كارەكە دیاریی كراوە، بەڵام پێشبینیی دەكەین بە 50 رۆژ تەواو بكرێت.
“ئەو شوێنانەی لە شەقامەكانی 120 مەتری و 150 مەتری، كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، دەبێت زوو كاری تێدا بكەین، چونكە شەقامەكان گرنگن و بەم دواییانەش دروست كراون، ئەگەر كێشەیان هەبێت و زوو چارەسەر نەكرێن، ئەركەكە قورستر دەبێت”، كارزان عەبدولهادی وای وت.
هەروەها ئەوەشی باس كرد، كە كاری نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان، لە هەر كوێ پێویست بێت بەپێی توانای خۆیان ئەنجامی دەدەن، لە پاڵ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە سنووری شارەوانیی هەولێر.
شەقامی 120ی كە بە شێوەیەكی بازنەییە و 38 كیلۆمەترە، یەكێكە لە شەقامە ستراتیژییەكان و زۆرترین هاتوچۆ و جووڵەی لەسەرە.
ئەو بەشەی دیاریكراوە نۆژەن بكرێتەوە، “رێگەی موسڵ تا رێگەی شەقڵاوە”، بەپێی ئەو سێرچەی 964 كردوویەتی، كاتی خۆی لە لایەن كۆمپانیاكانی هێمن گرووپەوە دروستكراوە، كۆمپانیایەكی دیكەش بەشێكی دیكەی شەقامەكەی دروست كردووە.
شەقامی 120 مەتری لە ساڵی 2013 دەست بە دروستكردنی كراوە و بە ساڵی 2017 كرایەوە، كە بە دەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و پانیی هەر سایدێكی 15 مەترە.