"وازیان لێ بێنە"

جۆن کەنەدی تاڵە قژێکی کوردەکانی لە نیەتی ئەردۆغان پێ گرنگترە

964+
ئەحمەد مستەفا

سیناتۆرە تەمەن 73 ساڵەکەی كۆمارییەكان، لەوتارێكدا لە كۆنگرێس بێ سێ و دوو بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەڵێت، دەزانم تۆ رقت لە کوردە، بەڵام وازیان لێ بێنە، کورد گەلێکی جیاوازە و دۆستی ئەمریکان 30 بۆ 40 ملیۆن کەسن.

لە تۆڕی ئێکس، دیمەن و قسەکانی کەنەدی ئەم دەست و ئەو دەست دەکات، سیناتۆرەکە، باس لەوە دەکات ئەردۆغان بەنیازە هێرش بكاتە سەر سوریا، دەڵێت، ئەو كارە نەكەن، كوردەكان گەلێكی ئاشتیخوازن، واز لە كورد بێنە، واز لە خەڵكی سوریا بهێنە، توركیا بووە بە كێشە، ئەگەر تاڵێک لە قژیان زیانی بەربکەوێ ئەوا داوا لەم کۆنگرێسە دەکەم کاری خۆی بکات و سزاتان بدات.

قسەکانی کەنەدی  لە کاتێکدایە، رۆژەڤی سوریا سەرەڕای گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی، چاوەکان هاتوون بۆ ئەو نیەتەی تورکیا بە هاوکاری گروپە چەکدارەکان دەیەوێ، هێرش بکاتە سەر ناوچە کوردییەکان “باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا” بە تایبەت کۆبانێ و کوردەکانیش ژمارەیەک هێرشی پارچەکرداریان لە نزیک شارەکە تێک شکاندووە.

قسەکانی کەنەدی وەکخۆی؛

سیناتۆر جۆن کەنەدی لە کۆنگریسی ئەمەریکا:
بە ئەردۆگان دەڵێم دەزانم تۆ ڕقت لە کوردە، بەڵام وازیان لێ بێنە… کورد گەلێکی جیاوازە و دۆستی ئەمریکان… هەواڵگری ئێمە دەڵێ ئەردۆغان هەوڵی داگیرکردنی سوریا دەدات.. ئەو کارە مەکە… کوردەکان مرۆڤی ئاشتیخوازن لە سوریا و وازیان لێ بێنە… ئەگەر تاڵێک لە قژیان زیانی بەربکەوێ ئەوا داوا لەم کۆنگرێسە دەکەم کاری خۆی بکات و سزاتان بدات.. هەموومان دەزانین دۆخی ئابووری تورکیا چۆنە…واز لە کورد بێنن!…