رێبوار تەها: تێهەڵچوونێک روویداوە
سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک بە پێکەنینەوە دەرکەوتن
964+
ئەحمەد مستەفا
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و محەمەد ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێکەوە دەرکەوتن و پێ دەکەن، لەسەر ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی باڵەخانەی پارێزگای کەرکوک دەڵێن، کەمتەرخەمەکان دەدرێنە دادگا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.12.2024، لە نێو بینای پارێزگای کەرکوک، کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان پاسەوانانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پاسەوانانی پارێزگار دروست بوو.
چەند سەرچاوەیەکی جیاواز لە ناو پارێزگای کەرکوک بە 964ـیان وت، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پاسەوانەکانی چوونەتە بینای پارێزگاوە، پاسەوانانی پارێزگاریش ویستوویانە بیان پشکنن و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پاسەوانانی هەردوولا دروست بووە و یەکێک لە پاسەوانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکە دوو فیشەکی بە ئاسماندا تەقاندووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش دا، چەند کەسێک لە پاسەوانەکان بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان بەهۆی شەڕە بۆکسەوە بووە سووکە و کەس بەهۆی فیشەکەوە بریندار نەبووە.
هەر دوای ئەو رووداوانە و ئەمشەو، پارێزگار رێبوار تەها لە فەیسبووکی خۆی باسی لەوە کردووە، ئیدارەی پارێزگای کەرکوک روونکردنەوە دەدات سەبارەت تێکەڵچونێک لە نێوان پاسەوانەکاندا لە یەکێک لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی بینای پارێزگادا و تەئکید دەکاتەوە لایەنی ئەمنی پسپۆڕ رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر و بەپێی یاسا ئەوانەی کەمتەرخەم بوون دەدرێنە دادگا.