پلانەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت
بەئامانجی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ژاوەژاو، سەنتەری هەولێر رێکدەخرێتەوە
964+
شۆڕش قادری
بەمەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ژاوەژاو و بەرەوپێشبردنی شار بەرەو ناوەندێکی پڕجوڵە و چالاکیی بازرگانی، سەنتەری شاری هەولێر رێکدەخرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.12.2024 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وەزارەتی شارەوانی شانیان نا بەشانی یەکەوە و لەسەر یەک مێز کۆبوونەوە و بیریان لە رێکخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر کردەوە.
کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونی هەر یەكە لە راوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و جێگری پارێزگار و سەرۆكی شارەوانیی و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە ئەندازیاران بەڕێوەچوو، بە داتاشۆ چوار سیناریۆی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ دووبارە رێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر خرانەڕوو و شیكرانەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ـی وت، “ئامانج لە دووبارە رێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر، بەدیهێنانی سەنتەری شارێكی كارا و پڕ جووڵەیە بۆ ژیان و بەركارهێنان و چالاكیی بازرگانی و كولتووری و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و ناساندنی لایەنی مێژوویی و رۆشنبیری شارەکەیە”.
“بەپێی پلانەکە، خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و باشترکردنی ژینگە و پیادەڕۆیی و بایسكل و بینین و كەمكردنەوەی جەنجاڵی ئۆتۆمبێڵ و ژاوەژاو رەچاو دەكرێن”، ئومێد خۆشناو وای وت.
ئاشکراشیکرد، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیانە لەسەر ئەو پرسە ئەنجامی دەدەن و پلانەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکان،لێكۆڵینەوەی وردتر دەکەن.