لەگەڵ دوێنێ 150 هەزار دیناری فەرقە
بەهای لیرەی سوری لە بازاڕەکانی هەرێم دابەزی
964+
شۆڕش قادری
بەهای لیرەی سوری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی و تەنیا لە 24 کاتژمێردا، هەر ملیۆنێک 150 هەزار دیناری لێبووەوە.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024 هەر ملیۆنێک لیرەی سوری بە 350 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ بە 500 هەزار دینار بوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەم بەرزی و نزمییەی لیرەی سوری لەم چەند رۆژەدا بۆ ناسەقامگیری دۆخی سوریا دەگەڕێتەوە.
دوای رووخانی رژێمی سوریا و کۆتاییهاتنی فەرمانەڕەوایی بنەماڵەی ئەسەد، بەهای لیرە لە بازاڕەکانی کوردستان بەرزبووەوە و هەر ملێۆنێک لیرە گەیشتە نزیکەی 700 هەزار دینار، دوێنێش جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی هۆشداری لە کڕێنی لیرە دا و وتی، بە کردنەوەی سنورەکانی سوریا، بەهای دراوی ئەو وڵاتە لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.