لە دوێنێوە بێسەروشوێن بووە

پۆلیسێک لە ناحیەی یەسرب بە کوژراوی دۆزرایەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخوماتوو

لە شەوی رابردووەوە پۆلیسێک بە ئەرکێک رۆیشتووەتە دەرەوە، مۆبایلەکەی داخراوە و دوای ئەوەی خێزانەکەی لایەنی ئەمنییان ئاگادارکردووەتەوە و دوای گەڕان و بەدواداچوون ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024، لە یەکێک لە باخەکانی ناحیەی یەسربی پارێزگای سەڵاحەدین تەرمەکەی دۆزرایەوە و شوێنەواری فیشەک بەسەریەوە بوو.

حارس عەبدولنەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی یەسرەب بە 964ـی وت، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە یەکێک لە باخەکانی ناحیەکە، دەرکەوت تەرمی ئەو پۆلیسەیە کە لە شەوی رابردووەوە بێسەروشوێنە، پاش گواستنەوەی تەرمەکە بۆ پزیشکی دادی قەزای بەلەد و پشکنینی، دەرکەوت کە ئاسەواری فیشەک بە تەرمەکەیەوە بووە و کوژراوە.”

وتیشی، پۆلیسەکە تەمەنی 42 ساڵە و خێزاندارە، دانیشتووی ناحیەی یەسربە و دۆسیەکەی پاک بووە و ھیچ کێشەیەکی نەبووە، دوێنێ کاتێک خێزانەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەرکێک پەیوەندی پێوەکراوە و دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

تەرمی پزیشکێک لە ناو شووقەیەکی دهۆک دۆزرایەوە

تەرمی پزیشکێک لە ناو شووقەیەکی دهۆک دۆزرایەوە