گرافیک؛ 964+
633 كارمه‌ند له‌ناو كێڵگه‌كانى مینن
حکومەت گرێبه‌ستى زیاتر له 760 كارمه‌ندى ده‌زگاى مینى بۆ ماوه‌ى ساڵێك نوێكرده‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم گرێبه‌ستى زیاتر له 760 كارمه‌ندی ده‌زگاى گشتیى كاروبارى مینى بۆ ساڵى 2025 نوێكرده‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكیش ده‌ڵێت، ده‌مێكه داواى دامه‌زراندنى هه‌میشه‌ییمان بۆ ئه‌م كارمه‌ندانه كردووه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراون.
كارمه‌نده‌كانى ده‌زگاى مین دوو جۆرن، هه‌یانه له‌ناو ئۆفیس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان له به‌شه جیاوازه‌كان كار ده‌كەن، هه‌شیانه له‌ناو كێڵگه مینه‌كاندان.
به‌پێی نووسراوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه له رۆژى 12.12.2024 ئیمزا كراوه و ئه‌مڕۆش ده‌زگاى مین بڵاویكردووه‌ته‌وه، ژماره‌ى كارمه‌ندانى ناو ئۆفیس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بریتین له 128 كارمه‌ند و ژماره‌ى كارمه‌ندانى ناو كێڵگه مینه‌كانیش بریتین له 633 كارمه‌ند.
عه‌لى میران، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكی ده‌زگاى مین به 964ـى راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه داواى به‌هه‌میشه‌یی ئه‌و كارمه‌ندانه‌مان كردووه، به‌ڵام به‌هۆى دۆخى داراییه‌وه نه‌كراون.
وتیشی “به هه‌میشه‌ییكردنیان به‌پێی یاسای ژماره 7ـى ساڵى 2010 یه، هه‌روه‌ك چۆن فه‌رمانبه‌رانى دیكه‌ى گرێبه‌ست له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه كران به‌هه‌میشه‌یی”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى چه‌ندین ساڵه له رێگه‌ى گرێبه‌سته‌وه له ده‌زگاكه‌یان كارده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌كاتێكدا بكرێن به هه‌میشه‌یی ئه‌وان ته‌نیا 10 ساڵ خزمه‌تیان بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه خاوه‌نى چ بڕوانامه‌یه‌كیش بن.
نووسراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه ره‌زامه‌ندى نوێكردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌ى ده‌زگاى مینى تێدا دراوه، له 1.1.2025ـه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له 31.12.2025 كۆتایی دێت و خه‌رجكردنى موچه‌كانیشیان به‌پێی ماده‌ى 12 له رێنمایی دارایی ژماره 10ـى ساڵى 2019 ـه.