هەسەدە گومانی هەیە
هێزێکی ئەمریکی چوونەوە کۆبانێ و تورکیا پیلانی هێرشی هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا گەڕانەوە دەوروبەری شاری کۆبانێ، ئەوەش لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچەیە، میدیا خۆجێیەکان رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە رێگریی دەکات لە ئەگەری هێرشی تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر کۆبانێ.
دوای رێکەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و گروپە چەکدارەکان، بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییە کوردەکانی مەنبج بۆ ناوچەکانی ژێڕ دەسەڵاتی هەسەدە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە رێککەوتنەکە پاشگەزبوونەوە، ئەو هەڵوێستە گومانی بۆ هەسەدە دروست کردووە.
ئاژانسی هاوار نیوز دەڵێت، ئێستا سوپای تورکیا هێزێکی زۆری لە نزیک شاری کۆبانێ بڵاوکردووەتەوە و پیلانی هێرشکردنەسەر شارەکەی هەیە، شەڕڤانانی هەسەدەش دیوارێکی ئەمنیان لە دەوری شارەکە دژ بە ئەگەری هێرشی گروپەکان دامەزراندووە.
وابڕیاربوو کە بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئاگربەستێک لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە سوریا بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئاگربەستەکە جێبەجێ نەکرا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕۆناهی تیڤی رایگەیاند، بە نێوەندگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، ئاگربەستێک لە نێوان هەسەدە و دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکان دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەوان ئامادەن بۆ گواستنەوەی گۆڕی “سلێمان شا” هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی بدەن.