سودانی چی بە بلینکن وتووە؟

بە سەردانێكی چاوەڕواننەكراو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە بەغدا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە سەردانێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو ئەم ئێوارەیە گەیشتە بەغدا و لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی كرا.

ئەم ئێوارەیەی هەینی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كتوپڕ بە فڕۆكەیەك لە بەغدا نیشتەوە و پێدەچێت بۆ كارێكی بەپەلە و گرنگ هاتبێت.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتۆنی بلینكن كرد و لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هاوكاری یەكتر و هەروەها گفتوگۆی بارودۆخی ناوچەكەیان كردووە، بە تایبەتی ئەو پێشهاتانەی لە سوریا هاتوونەتەپێش.

سەرچاوەكە دەڵێت، سودانی و بلینكن باسی ئەوەیان كردووە، سەقامگیر و ئەمن و ئاسایشی سوریا و ناوچەكە بە گشتی، پێویستی بە هەوڵ و ماندوبوونی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە.

بە گوێرەی بەیاننامەكەی نووسینگەی سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بلینكنی راگەیاندووە، عێراق چاوەڕێی كردارە لە حكومەتی كاتیی سوریا نەك تەنیا قسە.

هەروەها ئەنتۆنی بلینكنیش بە سودانی راگەیاندووە، عێراق مافی خۆیەتی پارێزگاری لە سەروەریی خۆی بكات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش پابەندە بە بەڵینەكانی بەرامبەر پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراق.

سەردانەكەی بلینكن بۆ بەغدا پێشتر رانەگەیاندرابوو، هەروەها بە گوێرەی ئەو وێنانەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، بلینكن لە كاتێكی زووتری ئەمڕۆ گەیشتووەتە بەغدا و سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا کردووە.

فوئاد حوسێن داوای چی له‌ بلینكن كردووه‌؟

فوئاد حوسێن داوای چی له‌ بلینكن كردووه‌؟