لە هەردوو دینەکە بوون
لە نێوان کەرکوک و سەڵاحەدین، خورماتوو بێ نەوت ماوەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
زیاتر لە 10 رۆژە بریکارەکانى دابەشکردنى نەوت لە خورماتوو لە دابەشکردنى نەوتى ماڵان وەستاون، هەریەک لە پارێزگاکانى کەرکوک و سەڵاحەدینیش ئامادەنین بەشەنەوتى قەزاکە بنێرن.
ناسح فاتیح، بریکاری دابەشکردنی نەوتی کۆماری لە خورماتوو بە 964ـى وت،” ماوەى 10 رۆژە هیچ بەشەنەوتێک نەهاتووەتە وێستگەکانی سووتەمەنی قەزاکە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵک و مانەوەیان بەبێ نەوت”.
وتیشی،”ساڵانە لە وەرزی زستاندا وێستگەکانی قەزاکە دووچاری گرفت و کەمی نەوت دەبنەوە و چاوەڕێین تا نەوت بگاتە وێستگەکان و دەست بە دابەشکردنی بکەین”.
لاى خۆیەوە حەسەن مەهدی، بەڕێوەبەری وێستگەی سووتەمەنیی خورماتوو قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ئەگەر چی قەزاکەیان لەڕووى ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، بەڵام لەڕووی دابینکردنی بەشە سووتەمەنییەوە خراوەتە سە کەرکوک و بە بیانووی ئەوەی کە رێگای نێوان سەڵاحەدین بۆ خورماتوو دوورە و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی پێویستیان نییە بۆ دابینکردنی نەوت بۆ قەزاکە”.
وەک باسى دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرهەمە نەوتییەکانەوە، بە رێککەوتن لەگەڵ کەرکوک بەشەنەوتی خورماتوویان پێ سپێردراوە، بەڵام ساڵانە لە وەرزی زستاندا دووچاری گرفتی کەمیی نەوت دەبنەوە و زۆر جار کەرکوک ئەو بەشەیان بۆ دابین ناکات، کە بۆیان دیاری کراوە و هەرجارە و بە بیانویەک ماوەیەک قەزاکە بێ نەوت دەهێڵنەوە.
” ئێستا نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەڵاحەدین و کەرکوک کردووە، بۆ ئەوەی بەزوویی کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن و بەشە نەوتی قەزاکەمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا کێشەکە یەکلایی نەبووەتەوە و چاوەڕێین لە هەفتەی داهاتوودا کێشەکە یەکلابکرێتەوە”، بەڕێوەبەری وێستگەی سووتەمەنی خورماتوو واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح