لە گوندێکى ئامێدى

کەوتنە خوارەوەى درۆن دەوامى دوو قوتابخانەى راگرت

964+

هێڤى دێوالى- دهۆک

کەوتنەخوارەى دوو درۆن لە گوندێکى سەربە ناحیەى دێرەلۆک لە قەزاى ئامێدى، دەوامى دوو قوتابخانە راگرت.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بە 964ـى وت،” ئەم بەیانییە بەهۆى کەوتنەخوارەوەى دوو درۆن لە سەنتەرى گوندى بەرچى، دەوامى هەردوو قوتابخانەى ئامادەیى نهێل و قوتابخانەى بنەڕەتى بەرچى، راگیرا”.

بەپێى قسەى سەرچاوەکە، یەکێک لە درۆنەکان تەقیوەتەوە، بەڵام ئەوەى دیکە نەتەقیوە.

وەک ئەوەى سەرچاوەکە باسى دەکات، کەوتنەخوارەوەى درۆنەکان هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێى لاى قوتابیان و دروستکردووە.

بەپێى قسەى سەرچاوەکە بێت، بۆ دووربوون لە هەر مەترسییەک، دەوامى ئەو دوو قوتابخانەیەى گوندەکە راگیراوە، چونکە دوێنێش لەناو یەکێک لە قوتابخانەکان چەند گولـلەیەکى چەکى بچوک کە هى سوپاى تورکیا بووە، کەوتووەتە خوارەوە.

لەزگین بەرچى، مامۆستاى ئاینى مزگەوتى گوندەکە بە 964ـى وت، درۆنەکان کاتژمێر 7:30 خولەک کەوتوونەتە خوارەوە.

وەک باسى دەکات، بەهۆى ئەوەى گوندى بەرچى و گوهەرزى و چەند گوندێکى دیکە، خاڵى مەترسیدارن لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە، بۆیە بەردەوام مەترسیان لەسەرە.

بەپێى قسەى لەزگین بەرچى، لەو دوو قوتابخانەیە 350 قوتابى هەن، بۆیە لەبەر دووربوون لە هەر مەترسییەک بڕیاریانداوە قوتابییەکانیان نەنێرنەوە بۆ قوتابخانە.

گوندى بەرچى نزیکەى 150 ماڵ تێیدا دەژین و دەکەوێتە سنوورى ناحیەى دێرەلووک لە قەزاى ئامێدى.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

درۆنێک لەسەر رێگای ئامێدی - دێرەلووك كەوتە خوارەوە

درۆنێک لەسەر رێگای ئامێدی - دێرەلووك كەوتە خوارەوە