بەڵام ھێشتا نەکەوتووەتە سەرپێ
نۆزدە ساڵە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی ھەڵەبجە دراوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەمڕۆ سێشەممە 10.12.2024، رێکخراوی ھەڵوێست و رێکخراو NEDـی ئەڵمانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنی کار و پرۆژەکانی دیوانی پارێزگا و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان، گفتوگۆیەکی کراوەی لە نێوان سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە، نوێنەری پیشەوەران، و بەڕێوبەرە گشتیەکان و نوێنەری رێکخراوەکانی ھەڵەبجە رێکخست و راپۆرتی بەدواداچوونی گرفتەکانی ناوچەی پیشەسازی ھەڵەبجەی بڵاوکردەوە.
جەوھەر عەزیز، بەڕێوبەری پرۆژەکانی رێکخراوی ھەڵوێست، بە 964ـی وت: ”ناوچەی پیشەسازی ھەڵەبجە، کە دەکەوێتە دەروازەی شار، رووبەرەکەی نزیکەی 300 دۆنمە، دابەشکراوە بەسەر 875 پارچە زەویدا، بەڵام %61ـی رووبەری ناوچەکە ھێشتا بەتاڵە و ھیچ بینایەكی تێدا نییە و هیچ پیشەوەرێک تێیدا کار ناکات، ھەروەھا %16ـی کراوە بە بینا و تەواو کراوە، بەڵام ھیچ چالاکیەکی تێدا نییە، %16کەی دیکەی تەنیا بناغە و دیوار کراوە و بەجێھێڵدراوە، %3ـی تەواو کراوە و پیشەوەری تێدایە، بەڵام لەو رێژەیەش ھەندێک لە پیشەوەرەکان پیشەکانیان ناگونجێت لەگەڵ شوێنەکەیاندا، %4ـی رووبەرەکەی ناوچەکەش تەرخانکراوە بۆ سەوزایی.
بە وتەی جەوھەر عەزیز، دابەشکردنی پارچە زەییەکانی ناوچەی پیشەسازی، لە رێگەی سەندیکای پیشەوەرانەوە بووە و شارەوانی ئاگاداری ئەم دابەشکردنە نەبووە، لە کاتێکدا دەبوو کە شارەوانی سەرپەرشتی ئەم دابەشکردنە بکات، تا ئێستاش چوار جار بودجەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ھێشتا پرۆژەکە نەکەوتووەتە سەرپێی خۆی.
لای خۆشیەوە سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی ھەڵەبجە، بە 964ـی راگەیاند: پێشتر زەوی بەسەر ناوچەی پیشەسازی دابەشکراوە بەسەر خەڵکانێکدا کە بەناو پیشەوەرن، بەڵام ھێشتا دەستیان نەکردووە بە دروستکردنی بینا و گواستنەوەی پیشەکەیان بۆ ئەوێ، لە لایەکی دیکەوە ھەندێک پیشەوەری دیکەش داوای ئەوە دەکەن، شوێنیان بۆ دابین بکرێت و بینایان بۆ دروست بکرێت، تا شوێنی کارەکەیان لە ناو بازاڕەوە بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی.
روونیشیکردەوە، بەشێک لە ناوچەی پیشەسازی کۆنکرێت کراوە، ئاو و کارەباشی بۆ دابینکراوە، بڕیارە بەشێکی دیکەشی کۆنکرێت بکرێت، شارەوانیش لە ھەوڵی ئەوەدایە، کە کاری پێویست بکات بۆ گواستنەوەی ئەو پیشەوەرانەی کە کاردەکەن، ھەتا لەوێ جێگیریان بکات.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر