"پێشبینى ده‌كه‌ین به‌شێكی ئێزدییه‌كان له‌و به‌ندیخانانه‌ بن"

نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەكان چاوى خستووه‌ته‌ سه‌ر به‌ندیخانه‌كانى سوریا

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان ئێزدی، چاوی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و به‌ندیخانانه‌ى وڵاتى سوریا كه‌ له‌ دواى كه‌وتنى به‌شدار ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و هێزه‌كانه‌وه‌ ده‌رگاكانیان ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن به‌شێكی ئێزدییه‌ ونبووه‌كان له‌و به‌ندیخانانه‌دا بن.
به‌پێی دوایین ئامار كه‌ 964 له‌و نووسینگه‌یه‌ وه‌ریگرتووه‌، له‌ كۆى شه‌ش هه‌زار و 168 كه‌سی ئێزدى بێسه‌روشوێن و رفێندراو، تا ئێستا سێ هه‌زار و 667 كه‌سیان ئازادكراون و دوو هه‌زار و 501 كه‌سیش تا ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەكان بە 964ـی راگه‌یاند، له‌ رابردووشدا به‌رده‌وام چاوێكیان له‌سه‌ر وڵاتى سوریا بووه‌، چونكه‌ زۆرینه‌ى رفێندراو و بێسه‌روشوێنه‌كان براونه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌ و به‌شێكیشیان له‌وێ دۆزراونه‌ته‌وه‌.
وتیشی “له‌وه‌ته‌ى گۆڕانكارییه‌ تازه‌كان له‌و وڵاته‌ روویانداوه‌، به‌رده‌وام چاودێریی وردى ئه‌م وڵاته‌ به‌ تایبه‌تیش به‌ندیخانه‌كانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌ ئێزدییه‌كان چاره‌نووسیان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ ساڵى 2014 كه‌ ئه‌م نووسینگه‌یه‌یان دامه‌زراندووه‌، له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ چاودێری و گه‌ڕانیان له‌ وڵاتى سوریا ئه‌نجام داوه‌ و به‌شێكی رفێندراوه‌كانیش هه‌ر له‌و وڵاته‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌.
قائیدى ده‌ڵێت، پێشبینى ده‌كه‌ن چاره‌نووسی ژماره‌یه‌ك له‌ ئێزدییه‌كان به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وانیش ئاماده‌كاری ته‌واویان كردووه‌ بۆ پێشوازیكردنه‌وه‌یان.

لە کۆی 6417 رفێندراوی ئێزیدی 3568 کەسیان رزگارکراون

لە کۆی 6417 رفێندراوی ئێزیدی 3568 کەسیان رزگارکراون