دەروازەی پێشابوور

“رووداوەكانی سوریا هیچ گۆڕانكارییەكی لە هاتوچۆی بازرگانی نەكردووە”

964+

شڤان عەبدوڵا

سەرپەرشتیاری ژووری بازرگانیی زاخۆ ئاشكرای كرد، رووداوەکانی ئەم رۆژانەی دوایی لە سوریا، هیچ کاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی نەکردووە، بەرهەم و کەرەستەکانیان زیاتر بۆ بەشی رۆژئاوان و دۆخی رۆژئاوا وەکو ناوچەکانی دیكەی سووریا نییە.

لەتیف ئوسمان ئەمڕۆ دووشەممە 9.12.2024 بە 964ی راگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پێشابوورەوە زۆر ئاساییە و هیچ گرفتێك نییە، چونكە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان هیچ گرفتێكی تێدانییە، دوای رووخانی حكومەتی بەشار ئەسەدیش پێشبینی دەکەین ئاستی بازرگانی بەرەو باشتریش بچێت”.

“پێشتر 70% ی کەرەستەی بیناسازی و خۆراک و مۆبیلیات لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی رۆژئاوا دەکران و لەوێشەوە سامانی ئاژەڵ و زەیتون و چەندین کەرەستەی تر لە رێگەی دەروازەی پێشابوورەوە هاوردە دەکران، دوای ئەم گوڕانکارییانەی لە سوریاش روویاندا بازرگانان گەشبینن بەوەی دۆخەکە بەرەو باشتر بڕوا و قەبارەی ئالوگوری بازرگانی نێوان باشور و رۆژئاوا زیاتر بێت”، لەتیف ئۆسمان وای وت.

نێچیرڤان لەزگین، بازرگانێکی کەرەستەی خۆراکە لە زاخۆ و بە 964 وت، “هێشتا زووە پێشبینی بۆ دۆخەکە بکەین، هیچ بازرگانێکیش ناچار نییە مەترسی بخاتە سەر خۆی، بەڵام هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوەن ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان باشوور و رۆژئاوا زیاتر بێت.

هەر لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری دەروازەی پێشابوور شەوکەت بەربهاری بە 964ی وت، “روداوەکانی سوریا هیچ گوڕانکارییەکیان بەسەر هاتوچۆدا نەهێناوە هەموو شتێک وەک پێشتر ئاساییە”.

دوێنێ حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا رووخا و بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت دوای 53 ساڵ لە حكومڕانیی بنەماڵەی ئەسەد لەو وڵاتە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ناسنامەی گەنجە خنکاوەکەی رووباری دیجلەی سنوری زاخۆ ئا...

ناسنامەی گەنجە خنکاوەکەی رووباری دیجلەی سنوری زاخۆ ئاشکرابوو