سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بۆ لایەنەکانی سوریا:

“بە دیالۆگ دادپەروەری بۆ هەموو پێکهاتەکان و گەلی کورد دەستەبەر بکەن”

964+

شۆڕش قادری

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان په‌يامێکی ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى سوريا بڵاوکردەوە و داوا لەلایەنەکانی ئەو وڵاتە دەکات، بە دیالۆگ دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکان، لەوانەش گەلی کورد، دەستەبەر بکەن.

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ چاودێريی پێشهاتەکانی سوریا دەکه‌ين، داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیيانە بگرنە بەر، به‌ شێوه‌يه‌ك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، هه‌روه‌ها بەشداريی کارايان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا مسۆگەر بکات.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سوریا دووپات دەکاتەوە.

دەشڵێت،  “هه‌موو ململانێيه‌ك كه‌ دۆخى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز بكات ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها جەخت له‌ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرى و بەرژەوەنديی هەموو گەلان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌.”

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان راشیگەیاندووە، “له‌ كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، جەخت له‌ گرنگيی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سوریا، بۆيه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ين رۆڵى خۆيان بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ بگێڕن،‌ هه‌روه‌ها پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌.”

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 8.12.2024، دوای 53 ساڵ لە دەسەڵاتداری بنەماڵەی ئەسەد، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریا، سەرۆک کۆمار هەڵات و حکومەتەکەی ئەسەد کەوت.

"کەوتنی رژێمی دەسەڵاتداری سوریا سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە"