لە قەڵادزێ

 ژن و پیاوێک دواى 21 ساڵ چاوەڕوانى پەپولەیان بوو

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

ژن و پیاوێکى دانیشتووى قەڵادزێ 21 ساڵە هاوسەرگیریان کردووە، بەڵام تا ئەمڕۆ نەببون بە خاوەنى هیچ منداڵێک و لەو ماوەیەدا وەکخۆیان دەڵێن، دکتۆر و دەوا نەما پەناى بۆ نەبەن، بەڵام ئەمڕۆ چاوەڕوانى 21 ساڵەیان بەرى گرت و بوون بە باوک و دایکى منداڵێکى کچ و ناویاننا پەپولە.

فەرەیدون بابەکر، باوکى پەپولەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت،”من و هاوسەرم 21 ساڵە هاوسەرگیریمان کردووە و منداڵمان نەبووە، نەشتەرگەرى زۆرمان کرد و دکتۆر و دەرمان نەما رووى لێنەنێین، بەڵام نەبوین بە خاوەنى منداڵ”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، زۆر جار بێهیوا دەبوون، بەڵام کاتێک چاوەڕێى سۆز و بەخشندەیى خوایان دەکرد هیوایان بۆ دەگەڕایەوە کە رۆژێک دێت ماڵەکەیان منداڵێک تێیدا یارى دەکات.

ئەمڕۆ، 6.12.2024، ئەو رۆژە بوو کە ئەو ژن و مێردە دواى 21 ساڵ بە دیدارى منداڵەکەیان شادبوون و کچەکەیان کە پێشەکى ناویانناوە پەپولە، لەدایک بوو.

وەک ئەوەى باوکى پەپولە باسى دەکات، بە لە دایکبوونى کچەکەیان هەرچى دەردەسەرى 21 ساڵەیان هەیانبووە، لەبیریان چووەتەوە.

“تەندروستى دایکى پەپولەش زۆر باشە و ئێستا لە ماڵەوەین”، فەرەیدون بابەکر واى وت.

هەروەک رووى لەو هاوسەرانەکرد کە منداڵیان نابێت و وتى،”هەرگیز بێهیوا مەبن، سۆزى خودا بەشێوەیەکە بێهیواتان ناکات”.

باوکى پەپولە تەمەنى 49 ساڵە و دایکى تەمەنى 41 ساڵە و پەپولەش تەمەنى کەمترە لە 24 کاتژمێر.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نه‌خۆشخانه‌ی لەدایکبوونی هه‌ولێر راپۆرت له‌سه‌ر

نه‌خۆشخانه‌ی لەدایکبوونی هه‌ولێر راپۆرت له‌سه‌ر "كه‌یسه‌ ترسناكه‌كان" ئاماده‌ ده‌كات