نەخۆشخانەیەکی خۆڕایی بۆ ژنانی هەولێر کرایەوە
964+
كوردستان ئەحمەد
لە ناحیەی بەحركە سەر بە پارێزگای هەولێر نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵبوون کرایەوە، کە تیایدا هەموو شتێک بەخۆڕاییە بە قسەی بەرپرسەکانی.
نەخۆشخانەكە پیشتر ناوی نەخۆشخانەی كۆڕۆنای ئیماڕاتی بوو، بەڵام ئێستا دەكرێت بە نەخۆشخانەی لەدایكبوون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی “نەخۆشخانەكە 220 کارمەندی هەیە کە بە پێشكەوتوترین ئامێرەكان چارەسەری نەخۆشەكان دەكەن”.
نەخۆشخانەكە دەكەوێتە سەر رێی بەحركە، بە دوو كیلۆمەتر دەكەوێتە خوارووی شەقامی 150 مەتریەوە و پێشتریش نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆڕۆنا بووە.
دكتۆر لانە تەلعەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، هەموو پێداویستیەك لە نەخۆشخانەكە بەخۆڕاییە، وەك نەشتەرگەری، پشكنین و دەرمانخانە و سەرجەم بەشەكانی دیكە.
نەخۆشخانەی منداڵبوونی بەحركە، لە چوار بەش پێكدێت، بەشی پێشوازی و بەشی راوێژكاری و بەشی نەشتەرگەری و دەرمانخانە.