مودیر ناحیە لە كوێیە؟
سرێشمە بە دەست نەبوونی بینای حکومی دەناڵێنێت
+964
ئاکام غەفور-سۆران
سرێشمە زیاتر لە ساڵێکە بووە بە ناحیە، بەڵام تا ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکە لە سرێشمە دەست بەکار نەبووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی بینا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
بەڕێوەبەری ناحیەی سرێشمە ئێستا لە قایمقامیەتی قەزای خەلیفان دادەنیشێت بۆ راپەراندنی کاروباری هاوڵاتیان، هەر هاوڵاتییەکی سرێشمەش مامەڵەی هەبێت پێویستی سەردانی خەلیفان بکات، قایمقامی خەلیفانیش دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا کێشەکە چارەسەر دەبێت و خانوومان بە کرێ گرتووە.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بۆ 964 قسەی کرد، “داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردوە بۆ دروستکردنی بینا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی سرێشمە، بەڵام ئەوە رێکار و کاتی زۆری پێویستە، ئێستا خانووی هاوڵاتییەک بە کرێ گیراوە بۆ ئەوەی بکرێت بە بینای ناحیە، بەڵام خانووەکە تەواو نەکراوە رەنگە لە سێ مانگی داهاتوودا تەواو بێت”.
لای خۆیەوە، دیار حوسێن کەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی سرێشمە، بە 964ـی وت،” ئێستا لە دیوانی قایمقامیەتی خەلیفان کاروباری هاوڵاتیان جێبەجێ دەکەم، تا تەواوبوونی ئەو خانووەی بە کرێمان گرتوە، لە هەوڵی ئەوەداین دروستکردنی خانووەکە زوو تەواو بێت، بۆ ئەوەی بتوانین کار کردنمان باشتر بکەین”.
لە ناحیەی سرێشمە، هەر یەک لە شارەوانی و فەرمانگەی ئاویش هەن، بەڵام ئەوان لە بینای خۆیانن و کێشەیان نییە.
پێشتر سرێشمە گەورەترین گوندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو، لە مانگی ئابی ساڵی 2023 کرایە ناحیە، لە سنوری قەزای خەلیفان، كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە شەش هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا