لە ئامێدی
هاوڵاتییەک بە بۆردومانی تورکیا گیانی لەدەست دا
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە گوندی هرورێ لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە قەزای ئامێدی هاوڵاتییەک بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا گیانی لەدەست دا.
عومەر قومری، موختاری گوندی قومری لە نزیک گوندی هرورێ بە 964ـی وت، “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4.12.2024 سێ هاوڵاتی چوونەتە شاخێک لە نزیک هرورێ، دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی شاخەکەیان کردووە و یەکێک لەو هاوڵاتیانە بەر بۆردومانەکە کەوتووە و گیانی لەدەستداوە”.
“ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەباح عەبدولستارە، تەمەنی 45 ساڵە و خێزاندارە”، عومەر قومری وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هاوڵاتیان لە خوار شاخەکەن و لە ترسی بۆردومانی تورکیا ناوێرن بچن تەرمی ئەو هاوڵاتییە بێننە خوارەوە.
هاوکات کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمەریکى بە 964ـى وت، “ئەو هاولاتییە بە تەقەی سەربازانی تورکیا گیانی لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ، 18 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا کوژراون و چوار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
گوندی هرورێ دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری