لە هەولێر
خولێکی بەرپەچدانەوەی زانیاری ناڕاست بەڕێوەچوو
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بە پاڵپشتی دارایی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر خولێکی سێ رۆژی تایبەت بە بەرپەرچدانەوە زانیاری ناڕاستی مەبەستدار بەڕێوەچوو.
سەنگەر سامان، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی ئاشتی و ئازادی کە خولەکە بەڕێوەدەبات، بە 964ـی راگەیاند، خولەکە بۆ 100 رۆژنامەنووس و خوێندکارانی بەشی راگەیاندنەوە و بە چوار قۆناغ بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، دەمانەوێت راهێنان بەو کەسانە بکەین کە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ هەواڵی ساختە و راهێنانەکە بەشێوازێکی تایبەت بۆ ناسینەوە و بەرپەچدانەوەی ساختە هەواڵ ئەنجامدراوە و رۆژنامەنوس و قوتابیانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن لە خولەکە.
هاوکات لە وتارێکیدا، پامێلا هاک جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، بوونی رۆژنامەنوسی خاوەن متمانە و پرۆفیشنال گرنگە بۆ شەفافیەت و بەرپرسیارێتی.
باسی لەوەش کرد، لەوە تێدەگەن کە رێگەی چوون بەرەوە میدیایی سەربەخۆ و ئازاد رێگایەکی پڕ ئاڵنگارییە و زۆرجار رۆژنامەوانیش تووشی هەڕەشە و هەراسانکردن و توندوتیژی دەبنەوە بەڵام پابەندی بە گەیاندنی راستییەکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەگەڵ بوونی بەربەستەکان جێگای دەستخۆشییە.
بوشرا فاروق، لە هەڵەبجەوە بەشداری پرۆگرامەکەی کردووە و بە 964ـی وت، بەهۆی هەبوونی میدیاییەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی شلۆق بۆ میدیا دروست بووە، ئەم راهێنانەش یەکێکە لە رێگەکانی رووبەرووبونەوەی هەواڵی ساختە.
وتیشی، پێویستە رۆژنامەنوسان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییەکان بکەن تاوەکو ژینگەی کاری میدیایی رێکبخرێتەوە و لەرێگای ئەم جۆرە راهێنانەوە هاوڵاتیانیش ئاشنای هەواڵی ساختە ببن و رووبەڕووی ببنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر