به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ئێزدیان له‌ ئه‌وقافی هه‌رێم:

له‌ حه‌له‌ب نزیكه‌ى 5000 كوردى ئێزدی هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ شارى حه‌له‌بى سووریا، به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزیانه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو تێیدا دروستبووه‌، كوردانى ئێزدی هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌ و نوێنه‌رێكی ئێزدییه‌كانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، نزیكه‌ى پێنج هه‌زار كوردى ئێزدی له‌ حه‌له‌ب هه‌ن و مه‌ترسی جینۆسايدكردنەوەیان له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ره‌.

كورده‌ ئێزدیه‌كانى حه‌له‌ب له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شێخ مه‌قسود، سوریان و ئه‌شڕه‌فیه‌ نیشته‌جێن و ماوه‌ى زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ ده‌بێت له‌و وڵاته‌ ده‌ژین.

سعود مستۆ قائیدی، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ئێزدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقافی هه‌رێم، به‌964ـى راگه‌یاند، مه‌ترسییه‌كه‌ى سه‌ر ئێزدییه‌كانى حه‌له‌ب به‌هۆى بوونى هه‌ندێك گروپی توندڕه‌وه‌ له‌وانه‌ش گروپی چه‌كدارى (بەرەی نوسرە و ئەحرار شام) كه‌ هیچ جیاوازیه‌كیان له‌گه‌ڵ داعش نییه‌.

وتیشی “به‌هۆى په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ به‌ روونى باس له‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ژیانیان دروستبووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى كۆنتڕۆڵكردنى شاره‌كه‌ هیچ رێگایه‌ك نییه‌ ئێزدیەکانى لێ ده‌رچن، به‌ڵام 10 خێزانیان له‌ دوێنێوه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى فورات به‌ڕێكه‌وتوون كه‌ له‌ژێر ده‌ستى هێزه‌كانى (حه‌سه‌ده‌) دایه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ جینۆسايده‌كه‌ى ساڵى 2014 جارێكی دیكه‌ رووبه‌ڕووى ئێزدییه‌كان ببێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر چه‌كدارانى داعش له‌ ناوچه‌كانى شنگال به‌سه‌ری هێنان.

ئاشكراشی كرد، هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ ئێزدییه‌كانى حه‌له‌ب به‌ره‌و ناوچه‌كى ئارام بگوزارێنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “ئه‌مریكیه‌كانیش به‌و هه‌ڕه‌شە و مه‌ترسییه‌ى سه‌ر ئێزدییه‌كان ده‌زانن”.

له‌ به‌شێكی سۆشیاڵ میدیاكانى سنوورى شنگالیش بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ عه‌لى عیسا به‌ڕێوه‌به‌رى سازییا ئێزدیان له‌ ئەڵمانیا داواى له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانى رێگه‌ له‌ دووباره‌ جینۆسایدكردنه‌وه‌ى ئێزدییه‌كان له‌ شارى حه‌له‌ب بگرێت.

" گومان ده‌كرێت هێشتا كچان و ژنانى ئێزدی له‌ فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانى دیكه‌ بن "